مێركڵ یارمه‌تیدانی لیره‌ی توركی به‌پێویست نازانێت
به‌رپرسانی ئه‌ڵمانیا: یارمه‌تیدانی توركیا له‌ڕووی داراییه‌وه هیچ پێویست نییه.. با بۆخۆی روو له سندووقی نێوده‌وڵه‌تی بكات
K24- هه‌ولێر:
ئه‌نگریت كارینبور، سه‌رۆكی حزبی دیموكراتی كرستیانی ئه‌ڵمانی رایگه‌یاند، ئه‌نگێلا مێركڵ، راوێژكاری ئه‌ڵمانیا له كۆبوونه‌وه‌ی حزبه‌كه‌یدا گوتوویه‌تی، ئه‌و به پێویستی نازانێت بۆ پشتگیری كردنی لیره‌ی توركی یارمه‌تی دارایی پێشكه‌ش به ئه‌نقه‌ره بكات.
وه‌ك راشیگه‌یاندووه، ئه‌مینداری گشتی حزبی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌ڵمانی كه مێركڵ سه‌ر به‌و حزبه‌یه ئاماژه‌ی به‌وشدا، "مێركڵ به‌ڕاشكاوانه گوتوویه‌تی، حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌ی هیچ نیازێكی بۆ پێشكه‌شكردنی هاوكاری تایبه‌ت به توركیا نییه".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه شتیڤن زایبێرت، وته‌بێژی حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا جه‌ختی له‌سه‌ر لێدوانه‌كانی ئه‌مینداری گشتی حزبی ده‌سه‌ڵاتدار كرده‌وه و گوتی: "حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانی دراوی توركی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باس له پێشكه‌شكردنی یارمه‌تی دارایی به ئه‌نقه‌ره ناكات"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ته‌نانه‌ت پرسی هاوكارییه‌كانی ئه‌ڵمانیا بۆ توركیا له ئێستادا له كارنامه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌شیاندا نییه".
هه‌روه‌ها وته‌بێژی حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا روونیكرده‌وه، پرسی یارمه‌تی دارایی ته‌وه‌رێك نییه له گفتوگۆكانی نێوان راویژكاری وڵاته‌كه‌ی و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا، ئه‌و بابه‌ته په‌یوه‌ندی به ئه‌نقه‌ره‌وه هه‌یه و هه‌ر ئه‌ویش بڕیار ده‌دات ئاخۆ بۆ به‌هاناوه‌چوونی دراوه‌كه‌ی داوای هاوكاری له وڵاتانی دیكه بكات، یانیش په‌نا بۆ سندووقی نه‌ختینه نێوده‌وڵه‌تی ببات.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه، ئه‌لبێرت فۆراكر، وه‌زیری دارایی حكوومه‌تی خۆجێیی ویلایه‌تی بافاریای ئه‌ڵمانیا بیرۆكه‌ی یارمه‌تیدانی توركیا له‌لایه‌ن وڵاته‌كه‌یه‌وه ره‌تكرده‌وه و بۆ رۆژنامه‌ی "مۆنشنه‌ر مركۆر" رایگه‌یاند، "یارمه‌تیدانی توركیا له‌ڕووی داراییه‌وه هیچ پێویست و گرنگ نییه و ئامۆژگاریش بۆ ئه‌و یارمه‌تییانه ناكه‌م".
ئه‌و به‌رپرسه ئه‌ڵمانییه روونیشیكرده‌وه، "سندووقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌زموونی ته‌واو و میكانیزمی گونجاوی هه‌یه بۆ یارمه‌تیدانی ئه‌و وڵاتانه‌ی تووشی قه‌یرانی دارایی ده‌بن، ئه‌گه‌ر توركیاش رێنماییه‌كانی سندووقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ره‌ت بكاته‌وه و له‌به‌ر هۆكاری سیاسی پابه‌ندی بنه‌ماكانی نه‌بێت، ئه‌وا پێویست ناكات نه ئه‌ڵمانیا و نه وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌وروپا ببنه نوێنه‌ری توركیا و ئه‌و قه‌یرانه‌ی بۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ن".
H.B