ھەوڵدەدرێت تەمەنی پەرلەمان درێژ بكرێتەوە

پەرلەرمانتارێك: پێویستە لەگەڵ خەڵكی كوردستان راستگۆبین

K24 - ھەولێر

بڕیارە ھەفتەی داھاتوو ژمارەیەك پەرلەمانتار و فراكسیۆن پڕۆژەیەك پێشكەش بە پەرلەمانی كوردستان بكەن بۆ ئەوەی تەمەنی پەرلەمان درێژ بكەنەوە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتوونە، ژمارەیەك پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی كە نزیكن لە باڵێكی ناو یەكێتی و ژمارەیەك پەرلەمانتاری گۆڕان و چەند پەرلەمانتارێكی کرسیتیان، بێ گەڕانەوە بۆ سەرۆكی فراكسیۆنەكانیان پڕۆژەكە ئامادە دەكەن و پێشكەشی پەرلەمانی دەكەن، بە ئامانجی درێژكردنەوەی تەمەنی یاسایی پەرلەمانی كوردستان.

مەروان گەڵاڵی، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەگەر ئەو پڕۆژەیە ئامادەش بكرێت دەبێ پەرلەمانتاران واژووی لەسەربكەن، لێرەوە رایدەگەیەنم ھیچ پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی كۆمەڵ واژوو لەسەر پڕۆژەیەكی لەو جۆرە ناكات، لەبەر ئەوەی پێمانوایە ھیچ بەرژەوەندی لە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نابینین".

ھەندێک فراکسیۆن ئاگاداری ئەو پڕۆژەیەن، پێشتریش لە رێگای چەند کەسێکەوە بەدەر لەوانەی لە پڕۆژەکە بەشدارن، داوایان لێکراوە لە پێشکەشکردنی پڕۆژەکە بەشدار بن، بەڵام ئەوان داوای پێدانی پاساوەکانی دواخستنی ھەڵبژاردنیان کردووە، کەچی ئەو مەرجەیان قبووڵ نەکراوە، بۆیە چاوەڕێن لە کاتی پێشکەشکردنی پڕۆژەکە یاریەکە بۆ رای گشتی دەرکەوێت، کە کام لایەن لە پشت دواخستنی ھەڵبژاردنە.

ھەر پەیوەست بەو پرسەوە باپیر کامەلا، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆنەكان بەجۆرێك لێدوان دەدرێت و لە ژوورە تاریكەكانیش جۆرێكی دیكەیە، ئومێد دەكەم راستگۆبین لەگەڵ جەماوەری حزبەكانی خۆمان و خەڵكی كوردستان، ئەگەر پلانی درێژكردنەوە تەمەنی پەرلەمان ھەیە با پاساوەكانی بە راشكاوی بە خەڵك بڵێن، ئەوەیە كە حزبێك پاشەكشێی كردووە؟ یان تووشی كێشەی ناوخۆیی بووە؟، ئەوە پەیوەندیی بە خەڵكی كوردستانەوە نییە".

 

بەگوێرەی یاسا دواخستنی ھەڵبژاردن لە دەسەڵاتی پەرلەمانی کوردستان نییە و دەسەڵاتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانە، ھەر بۆیەش پڕۆژەکە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی یاسایی پەرلەمان ئامادەکراوە، چونکە لە ئەگەری سەرکەوتنی پڕۆژەکە، راستەوخۆ ھەڵبژاردن دوا دەخرێت و ئەم خولەی پەرلەمان بە یاسایی درێژە بە کارەکانی خۆی دەدات.

ھ.م