دوو هاووڵاتی ئێرانی بەتۆمەتی سیخوڕیکردن لە ئەمەریکا سزادران

"بۆ حکوومەتی ئێران کاریانکردووە"

K24 – هه‌ولێر:

وەزارەتی دادی ئەمەریکا دوو هاووڵاتی ئێرانی بە تۆمەتی چاودێریکردنی دامەزراوەکانی ئیسرائیل و جوولەکەکان و رێکخراوی موجاهیدینی خەڵک  لە ئەمەریکا زیندانیکرد.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی یەکەی ئاسایشی نەتەوەیی وەزارەتی دادی ئەمەریکا، دوو هاووڵاتی ئێرانی کە رەگەزنامەی ئەمەریکییان هەیە بە ناوەکانی ئەحمەد رێیا دوستدار و ماجید قوربانی، بەتۆمەتی سیخوڕیکردن دەستگیرکردووە.

ئاژانسی سپۆتنیکی رووسی ئاشکرایکردووە، ئەو دوو ئێرانییە هەوڵی کۆکردنەوەی زانیاریان لەسەر ئەندامانی رێکخراوی موجاهیدینی خەڵك کە رێکخراوێکە دژ بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کاردەکات، داوە.

دەزگا ئەمنییەکانی ئەمەریکا ئاشکرایان کردووە کە ماجید قوربانی بەهۆی گرتنی چەند وێنەیەکی گردبوونەوەی رێکخراوی موجاهیدین لە ویلایەتی لۆس ئەنجلس، بڕی 2000 دۆلاری پێبەخشراوە.

بەتۆمەتی کارکردن بۆ زیاندگەیاندن بە نەیارانی ئێران لە ئەمەریکا ئێستا ئەو دوو هاووڵاتییە ئێرانییە زیندانیکراون و دادگاش بڕیاری خۆی لەو بارەیەوە داوە.

H.J