شەش پاسەوانی پەرلەمانتارێک کوژران

K24 – هه‌ولێر:

لە هێرشێکی خۆکوژی بۆ سەر ماڵی ئەندام پەرلەمانێکی پێشووی عێراق لە باکووری تکریت، شەش پاسەوانی ئەو ئەندام پەرلەمانە کوژران.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، درەنگانی دوێنێ شەو لە گوندی ئاسدیرا کە دەکەوێتە باکووری پارێزگای تکریت، کەسێکی خۆکووژ خۆی بە ماڵی عەدنان ئەلخەنام  تەقاندۆتەوە و بەهۆیەوە شەش پاسەوانی ئەو ئەندام پەرلەمانە کوژراون.

تاکو ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیارەتی خۆی لەو هێرشە رانەگەیاندووە، بەڵام بەهۆی پشتگیریکردنی عەدنان خەنام لە حکوومەت عێراق بۆ جەنگی دژی داعش، گومان دەکرێت داعش كردەوەكەی ئەنجامدابێت.

ئەگەرچی لە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوەوە، عێراق شکستی یەکجاری داعشی راگەیاندووە، بەڵام چەکدارانی داعش لە پارێزگاکانی کەرکووک، دیالە و سەڵاحەدین دەستیان بە کوشتن و رفاندنی هاووڵاتییان کردووەتەوە.

H.J