یەكێتی: لە غیابی پارتی لە كەركووك زیانی زۆرمان كردووە
"داوامانكردووە پارتی بۆ كەركووك بگەڕێتەوە و ئەنجوومەنی پارێزگا كارابكەینەوە"
K24 - كەركووك
جەمال شوكر، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی 2ی كەركووكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەكوردستان 24ی راگەیاند، زۆر پێویستە پارتی لە كەركووك بێت، چونكە لە رابردوودا زیانی زۆرمان لە نەبوونی پارتی لە شارەكە بینیووە.
گوتیشی: "لەسەرەتاوە پێمان خۆشبووە، كە ھەموو حزبە كوردستانییەكان بگەڕێنەوە كەركووك بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، ھەم وەك كەركووكییەكان ھەمیشە وەك كورد لە غیابی پارتی زیانی زۆرمان كردووە".
راشیگەیاند: "داوامانكردووە پارتی بۆ كەركووك بگەڕێتەوە و ئەنجوومەنی پارێزگا كارابكەینەوە، لەبەر ئەوەی ئەو نەھامەتییەی ئێستا بەسەر كەركووك دەھێندرێ بەشێكی زۆری لەسەر ئەنجوومەنی پارێزگایە، دەبوایە ئەنجوومەنی پارێزگا گەڕابایەوە كەركووك و پارێزگارێكی كورد دانرابووایە".
جێگری بەرپرسی مەڵبەندی 2ی كەركووكی یەكێتی ئاماژە بەوەشدا: "لە دوای 16 ئۆكتۆبەرەوە لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم كێشەی زۆر بۆ كورد و دەستكەوتە بەدیھاتووەكان دروستبووە، بۆیە ئێمە پێشوازی گەرم لە گەڕانەوەی پارتی دەكەین و پێویستە ئەنجوومەنی پارێزگا كۆببێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانین پارێزگارێكی كورد ھەڵبژێرین".
ھ.م