ھاووڵاتیان لە كێشەی كارەبای نیشتمانی ئاگادار دەكرێنەوە
كارەبای نیشتمانی كێشەی تێدەكەوێت
K24 - ھەولێر
لە روونكردنەوەیەكدا وەزارەتی كارەبای ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بەھۆی گرفتێكی تەكنیكی، بە بڕی 900 مێگاوات كارەبا لە تۆڕی كارەبای نیشتمانی كەمبووەتەوە.
لە روونكردنەوەی وەزارەتی كارەبا ھاتووە: "ئاگاداری هاونیشتمانیانی خۆشەویست دەكەینەوە كە بەهۆی گرفتێكی تەكنیكی لەناكاو لەبۆری غازی كۆرمۆرو راوەستانی ناردنی غازی سروشتی بۆ وێستگەی هەولێری غازی، تەواوی یەكەكانی وێستگەكە راوەستا و بەرهەمهێنانی كارەبا بەبڕی 900 مێگاوات كارەبا لە تۆڕی كارەبای نیشتمانی كەم بووەوە".
لە بەشێكی دیكەی روونكردنەوەكەدا وەزارەتی كارەبا ئاماژە بەوە دەكات: "لە ئێستادا هەردوو وەزارەتی كارەبا و سامانە سروشتییەكان لەگەڵ كۆمپانیای دانا غاز سەرقاڵی چارەسەركردنی گرفتەكەن تاوەكو كوژانەوەی گشتی روونەدات و چارەسەری گرفتەكە بكرێت، كە وا چاوەڕوان دەكرێت لەماوەی 24 كاتژمێری داهاتوودا دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە".
ھ.م