گەشتیاران جووڵەیان خستووەتە بازاڕەكان

ھاتنی گەشتیاران بۆ ھەرێمی كوردستان ژمارەی پێوانەیی تۆماردەكات
kurdistan24.net

K24 - سۆران

لە ماوەی رۆژانی جەژنی قوربان ژمارەیەكی زۆری گەشتیار لە ناوخۆی كوردستان و دەرەوەی كوردستان روویان لە ھاوینەھەوارەكانی دەڤەری سۆران و رواندز كردووە و  بەگوتەی بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران تەنیا لە ماوەی چوار رۆژی جەژن زیاتر لە 40 ھەزار گەشتیار روویان لە ناوچەكە كردووە.

بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و پشووی جەژن، وایكردووە ژمارەیەكی زیاتر لە خەڵكی شارەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بۆ گەشت و سەیران روو بكەنە ناوچە گەشتیارییەكانی ھەرێمی كوردستان. شەمس نائیل، خەڵكی بەغدایە و بۆ گەشت ھاتووەتە ناوچە گەشتیارییەكانی دەڤەری سۆران ئەو دەڵێت: "لەبەغداوە ھاتووین، چوار خێزانین و 20 کەسین، خەرجی مانەوەمان لە یەك رۆژدا بۆ ھەر خێزانێك زیاتر لە 100 ھەزار دینارە، ماوەی شەش رۆژە لێرەین و ئێستا لە ھاوینەھەواری گەلی عەلی بەگین، مامەڵەیان لەگەڵمان باشە و سەیرانگاکانیش پاك و خاوێنن".

سەعید حسێن، خاوەنی یەکێك لە رێستوانتەکانە لە ھاوینەھەواری بێخاڵ، ئەو زیاتر لە 200 ھەزار دۆلاری لە دروستکردنی رێستورانتەکەی خەرج کردووە، بەڵام بازاڕگەرمی وایکردووە بیرۆکەی فراوانکردنی رێستورانتەکەی لا گەڵاڵە ببێت. ئەو دەڵێت: "ھەوڵدەدەین زیاتر پەرە بە فراوانكردنی شوێنەكەمان بدەین، لە جەژنی قوربانی ئەمساڵدا بە بەراورد بە ساڵی پار، رێژەی گەشتیاران زیاتر لە 40% زیادیكردووە".

لەدوای ساڵی 2013 یەکمجارە ئەو رێژە زۆرەی گەشتیار روو لە ھەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش ناوچەگەشتیارییەکانی دەڤەری سۆران بکەن، گەشتوگوزاری سۆرانیش نھێنی ھاتنی بەلێشاوی گەشتیاران بۆ ناوچەکە دەخاتەڕوو.

بارزان محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران بە كوردستان24 راگەیاند: "لە دوای ساڵی 2013وە ئەم جەژنە ھاتنی گەشتیاران بۆ ناوچەكەمان ژمارەی پێوانەیی تۆماركردووە، ھۆكارەكەشی كردنەوەی رێگەی ھەولێر- كەركووك، ھەروەھا ئاسایی بوونەوەی دۆخەكەیە".

گوتیشی: "خەرجی ھەر گەشتیارێك لە رۆژێكدا نزیكەی 80 دۆلارە".

ھ.م