لە 24 کاتژمێری رابردوودا هیچ کەشتییەکی نەوتهەڵگر بە گەرووی هورمزەوە تێنەپەڕێوە

هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز بە شێوەیەکی نیمچە تەواو وەستاوە و لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا هیچ بارێکی نەوتی بەو رێڕەوە ستراتیژییەدا تێنەپەڕیوە، ئەمەش بەهۆی لێکەوتە مەترسیدارەکانی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ناوەندی هاوبەشی زانیاریی دەریایی (JMIC) لە تێبینییەکدا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، ئاشکرای کردووە، لە 24 کاتژمێری رابردوودا تەنیا دوو کەشتی بازرگانی بە گەرووەکەدا تێپەڕیون، کە ئەوانیش کەشتیی گواستنەوەی کاڵا بوون نەک نەوتهەڵگر.

بەهۆی پەرەسەندنی شەڕ لە ناوچەکەدا، دەیان کەشتیی پڕ لە نەوت و غاز لەناو ئاوەکانی کەنداودا گیریان خواردووە و ناتوانن بەرەو بازاڕەکانی ئاسیا و ئەوروپا بڕۆن. مەترسیی هێرشەکان لە دەوروبەری گەرووەکە هێندە بەرزە، خاوەن کەشتییەکان ئامادە نین سەرکێشی بە بارە گرانبەهاکانیانەوە بکەن کە بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێنرێن.

سەرەڕای ئەوەی واشنتن بەڵێنی دابینکردنی بیمەی جەنگ و پاسەوانیی دەریایی بۆ کەشتییەکان داوە، بەڵام تاوەکو ئێستا خاوەن کەشتییەکان متمانەیان بە دۆخەکە نییە. هاوکات راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سیستەمی GPS لە ناوچەکەدا پەکی کەوتووە، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر پەیوەندی و گەشتە دەریاییەکان داناوە.

لە لایەکی دیکەوە، هەندێک کەشتی بۆ ئەوەی پارێزراو بن و نەکرێنە ئامانج، پەنا دەبەنە بەر رێگەی جیاواز؛ بۆ نموونە کەشتیی (Iron Maiden) لە کاتی تێپەڕینیدا لە رێگەی ئامێرەکانەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە "خاوەنەکەی چینییە"، هەروەها کەشتیی (Bogazici) پەیامی ئەوەی بڵاوکردووەتەوە کە "خاوەنەکەی موسڵمانە و تورکیا بەڕێوەی دەبات" تاوەکو بە سەلامەتی تێپەڕبن.

ئەم پەککەوتنەی گەرووی هورمز کە گرنگترین رێڕەوی وزەی جیهانە، نیگەرانیی زۆری لە بازاڕەکانی جیهاندا دروست کردووە و ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لێدەکەوێتەوە.