نەخۆشخانەیەكی ھەڵەبجە ھەڕەشەی داڕوخانی لەسەرە
داوا دەكرێت حكوومەت فریای نەخۆشخانەی سەرای ھەڵەبجە بكەوێت
K24 - ھەڵەبجە
نەخۆشخانەی هەڵەبجە کۆنترین نەخۆشخانەی شارەكهیە و 85 ساڵە بە بەردەوامی دەوامی تێدا نهوهستاوهو هاووڵاتیانی تێدا چارهسهر دەکرێن، بەڵام بەهۆی کۆنی باڵەخانەكەوە مەترسی داڕوخانی لەسەرە.
ئهسمهر نادر، یهكێكه له پهرستارهكانی نەخۆشخانەی ھەڵەبجە و 25 ساڵە لهو نهخۆشخانه ئهركی كوتانی منداڵانە، داوا دەکات نەخۆشخانەکەیان نۆژەن بکرێتەوە، چونکە بەهۆی کۆنی بیناکەوە هیچ مەرجێکی نەخۆشخانەی تێدا نەماوە. ئەو پەرستارە دەڵێت: "زۆربەی نەخۆشەكانی ھەڵەبجە روو لە نەخۆشخانەكەمان دەكەن، ئەو نەخۆشخانەیە پێویستی بە نۆژەنكردنەوە ھەیە، پێویستە تێكبدرێت و نەخۆشخانەیەكی دیكە دروست بكرێت، بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر خزمەتی نەخۆشەكان بكەین".
جگە لە کۆنی بیناکە ئەو نەخۆشخانەیە تائێستا هیچ پزیشكێكی پسپۆری نییە و تەنیا پەرستار کار لە بەشهكانی چاودێری دایکی دووگیان، بەشی منداڵانی تازە لە دایکبوو، بەشی چارەسەری سرووشتی و نەخۆشییە درێژخایەنەکان دەكەن، وەزارەتی تەندروستیش پێشنیاری کردووە نەخۆشخانەكە بکرێتە شوێنهوارێکی مێژوویی، بەڵام یەکلانەبووەتەوە دەکرێتە مۆزەخانە یاخوود دەڕوخێنرێت و دووبارە نەخۆشخانەیەکی مۆدێرنی له شوێنی بنیاد دهنرێت، یانیش هەر بەهەمان شێوە بمێنێتەوەو تەنیا نۆژەنی بکەنەوە، ههرچی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەیه پێشنیار دەکات هەر لە بناغەوە تێکبدرێت.
رەئوف عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری مەڵبەندی تەندروستی هەڵەبجە بە كوردستان24 راگەیاند: "ئێمە حەزدەكەین ئەو نەخۆشخانەیە لە بناغەوە تێكبدرێت و سەرلەنوێ دروست بكرێتەوە، چونكە ئەو نەخۆشخانەیە لەناوەڕاستی شارە".
نەخۆشخانەی ھەڵەبجە كە بە نەخۆشخانەی سەرا ناسراوە، لەساڵی 1932 و لە سەردەمی حامید بەگی جاف، کە ئەوکات قایمقامی هەڵەبجە بووە، لەسەر رووبەری 4 هەزارو500 مەتر دروستكراوە، بەڵام ئەگەر حكوومەت فریای نهكهوێت ئهوا بههۆی كۆنییهوه، خەریكە بیناكهی دادهڕمێت.
ھ.م