شاندێكی لایەنە عێراقییەكان گەیشتە ھەرێمی كوردستان

"ھەردوو كوتلەی شیعە دەیانەوێت لە كورد نزیك ببنەوە"

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ شاندێكی لایەنە عێراقییەكان بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ كورد لەبارەی پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق گەیشتە ھەولێر و بڕیارە لە یەكەم وێستگەی سەردانەكەیاندا لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆببنەوە.

ئاراس ئەحمەد، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "شاندەكە لە كوتلەكانی نەسر، سائیرون، حیکمە و وەتەنییە پێكھاتوون و خالید عوبێدی، سەرۆكایەتی ئەو شاندە دەكات، بڕیارە كەمێكی دیكە شاندەكە لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆببنەوە، راشیانگەیاند، كە قسەی سەرەتا و كۆتایی ھەرێمی كوردستان لە سەرۆك بارزانی وەردەگرین".

بەپێی زانیاری پەیامنێرمان: "دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆك بارزانی، شاندی لایەنە عێراقییەكان لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆدەبنەوە".

پێشتر خالید شوانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاندبوو، شاندێكی لایەنە عێراقییەكان سەردانی ھەرێمی كوردستان دەكات.

ئەوەشی خستەڕوو: "تائێستا پەیامی سیاسی زۆر لەبارەی پێكھێنانی حكوومەتی عێراق بۆ یەكێتی و پارتی نێردراوە، ھەردوو كوتلەی شیعە دەیانەوێت لە كورد نزیك ببنەوە، بەڵام كورد تائێستا لە ھیچ لایەك نزیكتر نییە لەوەی دیكە واتا لە ھەردووكیان نزیكە، بەڵام ئەوەی روویداوە قۆناخی یەكەمی گفتوگۆكردن كۆتایی ھات، چوونی شاندی ھاوبەشی پارتی و یەكێتی بۆ بەغدا بەرچاو روونی زیاتر دەبێت، كام لایەن دەتوانێ بارودۆخی كەركووك ئاسایی بكاتەوە و رێككەوتنەكان جێبەجێ دەكات، دەبێ كورد لەگەڵ ئەوە رێكبكەوێت".

لەبارەی دابەشبوونی لایەنە كوردییەكان لە بەغدا خالید شوانی گوتی: "بە بڕوای من كارێكی خراپە كە كورد بە زیاتر لە شاندێك بەشداری لە گفتوگۆكانی پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بكات، لەبەر ئەوەی ئەمجارە بارودۆخەكە جیاوازترە، ساڵانی پێشتر كە حكوومەت پێكدەھێندرا كوتلەیەكی گەورەی شیعەكان دەبوو، سەرۆك وەزیران لە شیعەكان دەبوو، پێویستییەكی ئەوتۆیان بە كورد و سوننە نەدەما بۆ پێكھێنانی حكوومەت، كاتێك ئەوان رادەسپێردران بۆ پێكھێنانی حكوومەت ئەوكات كورد بۆ گفتوگۆ دەچووە بەغدا، بەڵام ئەو جارە زۆرجیاوازە نێو ماڵی شیعە ململانێیەكی زۆر توندی تێدایە، بوونەتە دووبەرە و دوو پاڵپشتی جیاوازیان ھەیە، بۆیە ھیچ لایەك ناتوانن بە تەنیا حكوومەت پێكبێنن پێویستیان بە كورد و سوننەیە".

گوتیشی: "كورد دەستكەوتی زۆری لەدەستداوە و مافە دەستوورییەكانی زۆر پێشێلكراوە، ئێستا دەرفەتێك ھاتووەتە پێشەوە و پێویستە كورد وەكخۆی مامەڵەی لەگەڵ بكات، پێویستە كەشوھەوای گفتوگۆكان باش بخوێنێتەوە، سەرەنجام بڕیار بدرێت كە لەبەرژەوەندی گەلی كورد بێت، سەرەتای پاراستنی بەژەوەندییەكانی كورد لە گفتوگۆكان یەكڕیزی نێوماڵی كورد و بەشداری كردنی لایەنە كوردییەكانە بە یەك شاندە لەسەر یەك بەرنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی، ئەو دابەشبوونەی كورد خراپە لە بەغدا".

ئاماژەی بەوەشدا: "ئەگەر ھێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی كوردستان پێیانوابێت حەیدەر عەبادی یان دەوڵەتی یاسا بتوانن زیاتر بۆ ئەوان دەكەن لە یەكێتی و پارتی ئەوا ھەڵەن، ئەوان كاتێك دەتوانن سەنگی زیاتریان ھەبێت كە لەگەڵ نێوماڵی كورد دابن".

 ھ.م