چوار ھێزی سیاسی عێراق ھەوڵی رازیكردنی كورد دەدەن

"بەبێ بەشداری کورد بنەماکانی هاوپەیمانێتی تەواو نابێت"

K24 - ھەولێر

شاندێكی چوار لایەنی سیاسیی عێراق كە پێكھاتوون لە سائیرون، نەسر، وەتەنییە و حیكمە لە ھەرێمی كوردستانە و دەیانەوێ كورد رازی بكەن، بۆ ئەوەی بچێتە نێو ھاوپەیمانێتیەكەیان، كە ئەو چوار لایەنە رایانگەیاندووە، دەیانەوێت گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی پێكبێنن.

عەلی حوسێن، بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە كوردستان24 رایگەیاند، ئەو شاندەی بەغدا، کە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆك بارزانی و هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە.

گوتیشی: "کورد لەگەڵ بەغدا کێشەی دەستووری هەیە، ئەمەش وایکرد لێکترازان لەنێوان هەولێر و بەغدا رووبدات".

 عەدنان زورفی، ئەندامی هاوپەیمانێتی نەسر، كە یەكێك لە ئەندامانی ئەو شاندەی ئەمڕۆ گەیشتووەتە ھەولێر بە کوردستان24ی گوت: "ئەمڕۆ شاندی ھاوپەیمانی سائیرون، نەسر، وەتەنییە، حیكمە سەردانی ھەرێمی كوردستانمان كرد، لەگەڵ دوو لایەنە سەرەكییەكەی كوردستان كۆدەبینەوە و كۆبوونەوەكەمان لەپێناو خستنەڕووی بۆچوونی ھاوپەیمانێتییە چوارقۆڵییەكە و بەڕێوەچوونی وڵاتە لە قۆناخی داھاتوودا".

ئاماژەی بەوەشدا: "تائێستا تایبەتمەندی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی داھاتوو لەنێو ھاوپەیمانێتیەكەمان باس نەكراوە و ھیچ كاندیدێك بۆ سەرۆك وەزیران دیار نەكراوە".

عەبدوڵڵا زەیدی، نوێنەری رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیم بە کوردستان24ی راگەیاند: "تاكو ئێستا گفتوگۆمان لەبارەی داواكاری ھیچ لایەنێك نەكردووە، تەنھا لە ھەوڵی پێكھێنانی گەورەترین كوتلەی خستووەتەڕوو، داواكارییەكانی كورد لە بەغدا بە دەست ھیچ لایەنێك نەگەیشتوون لە بەغدا، رەنگە بەمزوانە داواكانی كوردمان پێبگات، بەڵام نازانین ناوەرۆكەكەی چییە، لە ھەوڵداین بۆ ئەوەی لایەنەكانی دیكەش بێنە ناو ھاوپەیمانێتیەكە".

راشیگەیاند: "بنەماكانی ھاوپەیمانێتییەكە تەواونابن تاكو كوردیش بەشدارنەبێت، بە بەشداریكردنی كورد دەتوانین بڵێین ھاوپەیمانێتییەكی بەھێزمان پێكھێناوە، كە گوزارشت لە تەواوی پێكھاتەكانی عێراق دەكات".

ھ.م