پارتی و یەكێتی تاوتوێی گفتوگۆكانی پێكھێنانی حكوومەت دەكەن
شاندێكی ھاوبەشی پارتی و یەكێتی لەگەڵ چوار لایەنی عێراقی كۆدەبنەوە
K24 - ھەولێر
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بۆ تاوتوێكردنی گفتوگۆكانی پێكھێنانی حكوومەتی داھاتووی عێراق لە كۆبوونەوەدان.
ئاراس ئەحمەد، پەیامنێری كوردستان24 لە ھەولێر رایگەیاند: "شاندی مەكتەبی سیاسی پارتی بە سەرۆكایەتی فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی و شاندی یەكێتی بە سەرپەرشتی مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە ھەولێر لە كۆبوونەوەدان".
گوتیشی: "پارتی و یەكێتی لەو كۆبوونەوەیەدا تاوتوێی گفتوگۆكان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بۆ پێكھێنانی حكوومەتی داھاتووی عێراق دەكەن، بڕیاریشە دوای ئەو كۆبوونەوەیە شاندی ھاوبەشی پارتی و یەكێتی لەگەڵ شاندی چوار لایەنی سیاسیی عێراق كۆببنەوە كە پێكھاتوون لە سائیرون، نەسر، وەتەنییە و حیكمە، بە مەبەستی گفتوگۆ لەبارەی پێكھێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی ئەمڕۆ ھاتوونەتە ھەولێر".
پێشتر پارتی و یەكێتی لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە بە پڕۆژەیەكی ھاوبەش بەشداری لە گفتوگۆكان بۆ پێكھێنانی حكوومەتی داھاتووی عێراق بكەن.
ھ.م