پێنج لایەن تانە لە تۆماری دەنگدەران دەدەن
كۆمسیۆن: وهڵامی تانهی لایهنهكان دهدهینهوه
K24 - ھەولێر
پێنج لایەنی سیاسی كە پێكھاتوون لە یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ و ھاوپەیمانی. تانە لە تۆماری دەنگدەران دەدەن و کۆمسیۆنیش رەتیدەکاتەوە تانەکانیان ببێتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردن و لەنزیکترین کاتدا وەڵامی فەرمی تانەی لایەنە سیاسییەکان دەدەنەوە. بە گوێرهی زانیارییەکانی کوردستان24، یەکێتی تانەی لە تۆماری دەنگدەرانی هەولێر و دهۆك داوە و کێشەی لەگەڵ سلێمانی و هەڵەبجەدا نییە.
کەمال هەمزە، کارگێڕی دەزگای هەڵبژاردنی کۆمەڵی ئیسلامی بە كوردستان24 گوت: "تانەمان لە تۆماری دەنگدەران لە 22 خاڵ پێكدێت، یەكێك لە خاڵەكان كە جێگەی نیگەرانیمانە بوونی ناوی كوردانی پارچەكانی دیكەی كوردستانە لەنێو تۆماری دەنگدەران، پێشتریش ئەو ناوانە ھەبوونە، خاڵێكی دیكە دروستكردنی بەڵگەنامەیە بۆ خەڵكی شارەكانی دیكەی عێراق كە لە كەمپەكانن، لە بەرژەوەندی ھەندێك لایەنی دیاریكراو بە نایاسایی دەنگیان پێدەدرێت و ئەمەش لە زیانی لایەنەكانی دیكەیە".
کۆمسیۆن سێ ئەندامی کۆمیسیاری بۆ لێکۆڵینەوە لە تانەی لایەنەکان دیاری کردووە و حەوت رۆژە لێکۆڵینەوە لەسەر تانەکان دەكات. بریارە لە نزیکترین کاتدا وەڵامی تانەکان بداتەوە. گوتەبێژی کۆمسیۆن دەڵێت لەسەر ئامادەکاریەکانمان بەردەوامین تانەلای لایەنەکانیش لە بەرچاو گیراوە تانەکانیش نابێتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردن.
شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی بە كوردستان24 گوت: "ھیچ لایەنێكی سیاسی بەھۆی گومان لە چەند ناوێك ناتوانێ ببێتە ئاستەنگ لەبەردەم كارەكانی ئێمەدا، دەكرێ قەوارەی سیاسی گومانی ھەبێت و داوای روونكردنەوە لە ئێمە بكات، بەڵام ئەوانە بە ھیچ شێوەیەك نابنە پاساو بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنەكان، چونكە تۆماری دەنگدەران خۆی بەشێكی تایبەتە لە پڕۆسەی ھەڵبژاردن، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا كۆمسیۆن كاری پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی كردووە".
یەکێك لەو لایەنانەی تانەی لە تۆماری دەنگدەران داوە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، تانەکەی تەنها بۆ تۆماری دەنگدەرانی هەردوو پارێزگای هەولێرو دهۆکە و کێشەی لەگەڵ تۆماری دەنگدەرانی سلێمانی و هەڵەبجە نییە.
ھ.م