به‌به‌ڵگه.. سه‌در دێته‌وه سه‌ر شه‌قام
رۆژی هه‌ینی خۆپیشانده‌ران كفن ده‌پۆشن
K24- هه‌ولێر:
موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در داوای له هه‌وادارانی كرد، رۆژی هه‌ینی له‌ڕێگه‌ی نوێژێكی ملیۆنییه‌وه هه‌ڵوێستێكی ئاشتیانه‌ی تووڕه نیشان بده‌ن، كه "گه‌نده‌ڵكاران بهێننه له‌رز".
له به‌یاننامه‌یه‌كدا سه‌در دووپاتیكرده‌وه، "به‌بۆنه‌ی ئه‌نجامدانی یه‌كه‌م نوێژی هه‌ینی له مزگه‌وتی كوفه دوای شه‌هیدبوونی عه‌لی بن ئه‌بی تاڵیب، ئه‌میری موئمنین و راسپێردراوی پێغه‌مبه‌ری خودا، باوه‌ڕدارانی عێراق ئاماده‌كاری بۆ ئه‌نجامدانی نوێژێكی یه‌كگرتوو ده‌كه‌ن".
سه‌در گوتی: پێویسته له‌سه‌ر هه‌موو باوه‌ڕداران هه‌وڵ بۆ سه‌رخستنی مهرجهعهكهیان بده‌ن و به ته‌واوی هه‌یبه‌ته‌وه فه‌رمانه‌كانی جێبه‌جێ بكه‌ن، داواشی لێ‌كردن له رۆژی خۆپیشاندانه‌كه‌دا كفن بپۆشن، وه‌ك چۆن باوكی ئه‌و بۆ خۆپاراستن له سته‌مكاران كفنی پۆشیبوو.
سه‌در ده‌می قسه‌كانی له هه‌وادارانی كرد و داوای لێ‌كردن، به نوێژێكی ملیۆنی كه گه‌نده‌لكاران بهێنێته له‌رز هه‌ڵوێستی خۆیان نیشان بده‌ن و پێیان بڵێن: "نا بۆ تایفه‌گه‌ری، نا بۆ گه‌نده‌لی، نا بۆ پشكپشكێنه، نا بۆ تیرۆر و نا بۆ داگیركا‌ر".
سه‌در ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، عێراق پێویستییه‌كی زۆری به نیشاندانی هه‌ڵوێستی تووڕه‌ی ئاشتیانه هه‌یه، كه ببێته بنه‌مای دامه‌زراندنی عێراقێكی نوێ، دوور له هه‌موو گه‌نده‌لكار، سته‌مكار، نه‌یار و داگیركارێك و داوای به‌ده‌نگه‌وه هاتنی بانگه‌وازی حه‌وزی شیعه و مه‌رجه‌عیه‌تی كرد.
سه‌در جه‌ختی كرده‌وه، پێویسته عێراق بخرێته ده‌ست كه‌سانی به‌توانا و به‌ڕێز بۆئه‌وه‌ی ببێته خاوه‌ن سه‌روه‌ری دوور له ده‌ستی شوێنكه‌وتووانی ئه‌جێندای ده‌ره‌كی.
H.B
