ئه‌و كچه‌ی ژماره‌یه‌ك په‌نابه‌ری له خنكان رزگاركرد ده‌ستگیركرا
ساره ماردینی تۆمه‌ته‌كان ره‌تده‌كاته‌وه

K24 - هه‌ولێر:
ساره ماردینی، ئه‌و كچه سوورییه‌ی به‌هۆی مه‌له‌وانی ژماره‌یه‌ك په‌نابه‌ری له خنكان رزگار كرد، له‌لایه‌ن پۆلیسی یۆنانییه‌وه تۆمه‌تی هاوكاریكردنی په‌نابه‌رانی ناشه‌رعی دراوه‌ته پاڵ.
به‌گوێره‌ی لێدوانی پارێزه‌ره‌كه‌ی، ساره ماردینی ته‌مه‌ن 23 ساڵان ده‌ستگیركراوه‌و ئێستا ده‌ستبه‌سه‌ره، له كاتێكدا هه‌فته‌ی رابردوو مافی په‌نابه‌رێتی له ئه‌ڵمانیا وه‌رگرتووه".
له‌باره‌ی ده‌ستگیركردنی ساره‌وه، پۆلیس رایگه‌یاندووه: "ئامانجیان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی تۆڕێكی تاوانكاره كه له 30 ئه‌ندام پێكدێن و له رێكخراوێكی ناحكومی له دوورگه‌ی لیسبوس چالاكی ده‌كه‌ن كه هه‌زاران په‌نابه‌ر له ناو خێوه‌ته‌كاندا ده‌ژین".
هاریس بیتسیكۆس، پارێزه‌ری كچه سوورییه‌كه ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌مان بۆ روونبووه‌ته‌وه كه ساره به‌هۆی هاوكاریكردنی په‌نابه‌رانه‌وه ده‌ستگیركراوه و ئێستا له گرتوخانه‌یه‌كی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌سینای پایته‌ختی یۆنانه".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "ساره ماردینی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ره‌تكردووه‌ته‌وه كه دراوه‌ته پاڵی، چونكه ئه‌و رزگاركه‌رێكی خۆبه‌خش بووه له سه‌نته‌ری نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌هاناوه‌چوون له دوورگه‌ی لیسبوس".

ساڵی 2015 میدیاكان تیشكیان خستبووه سه‌ر نه‌هامه‌تییه‌كانی ساره ماردینی و خوشكه‌كه‌ی به‌ناوی یوسرا، له‌باره‌ی چۆنێتی گه‌یشتنیان به دوورگه‌كه له توركیاوه، چونكه ئه‌وان به‌هۆی تواناكانی خۆیان له مه‌له‌وانیدا توانیبوویان ئه‌و به‌له‌مه‌ی 18 په‌نابه‌ری تێدا بوو بگه‌یێننه كه‌ناراوه‌كه و له نغرۆبوون رزگاریان بكه‌ن.