عامری: هه‌ر حكوومه‌تێكی "ئه‌مه‌ریكی" پێكبهێنرێت ده‌یڕووخێنین
"حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكی ته‌مه‌نی دوو مانگ ده‌بێت"

K24 - هه‌ولێر:
هادی عه‌مری، سه‌رۆكی رێكخراوی به‌در و هاوپه‌یمانی فه‌تح، له كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ برێت مه‌كگورك، نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، رایگه‌یاندووه، هه‌ر حكوومه‌تێك له عێراق به پشتیوانی ئه‌مه‌ریكا درووست ببێت، له ماوه‌ی دوو مانگ ده‌یڕووخێنن.
به گوێره‌ی ناوه‌ڕۆكی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌كه‌ی هادی عامری، هه‌ڕه‌شه‌ی كردووه و به مهكگوركی راگه‌یاندووه، به هه‌موو جۆرێك ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌مه‌ریكا له پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق ره‌تده‌كه‌نه‌وه.
وێبسایتی "سۆمه‌ری نیوز" بڵاویكردووه‌ته‌وه، عامری به مهكگوركی گوتووه: "ئه‌گه‌ر پێداگرن له‌سه‌ر دهستێوهردانهكانتان، ئێمه‌ش هه‌ر حكوومه‌تێك له‌لایه‌ن ئێوه پێكبهێنرێت، له ماوه‌ی دوو مانگ ده‌یڕووخێنین".
گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق، بۆ راگه‌یاندنی پێكهێنانی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی ناو په‌رله‌مان، چاوه‌ڕوانی ده‌ستنیشانكردنی كه‌سێكه بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو، ئه‌گه‌رچی ئێستا گفتوگۆكان چڕبوونه‌ته‌وه و هه‌موو لایه‌نه‌كان داواكاری خۆیان راگه‌یاندووه, به‌ڵام تا ئێستا لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه رێكنه‌كه‌وتوون كه ده‌بێته سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو.
ا. م