ئیدلب جیهان لە جەنگێکی جیهانی نزیکدەکاتەوە
"ئەمەریکا ئامادەیە لەهەرکاتێک هێرشبکات"
K24 – ههولێر:
ئەمەریکا رووی مووشەکەکانی کردووەتە سووریا، رووسیا و سووریاش سوورن لەسەر ئەوەی هێرشبکەنە سەر شاری ئیدلب، جەنگە نێودەوڵەتییەکەش چاوەڕێی بەکارهێنانی چەکی کیمیاییە.
بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا بۆ سی ئێن ئێنی ئاشکرا کردووە: "ئەمەریکا بە تەواوی ئامادەیە هێرشبکاتە سەر سووریا ئەگەر تەنها بزانێت چەکی کیمایی لە سووریا بەکاردێت".
دوێنێ هەینی 31/8/2018، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند: "سێرگی لاڤرۆڤ(وەزیری دەرەوەی رووسیا) بەرگری لە هێرشی رووسیا و سووریا دەکات بۆ ئیدلب. رووسیا و سووریا قایلبوون بەوەی رێگە بەوە نەدەن. ئەمەریکا ئەو هێرشە بە زیاتر تێکچوونی کێشە مەترسیدارەکانی سووریا دەزانێت".
رووسیا گلۆپی سەوزی بۆ ئەسەد هەڵکردووە تاکو هێرشبکاتە سەر ئیدلب لەگەڵ ئەوەش ئەمەریکا و رۆژئاوا بە دروستکردنی تۆمەتی ساختە تۆمەتبار دەکات تاکو هێرشبکەنە سەر سووریا.
مۆسکۆ پێی وایە رۆژئاوا خۆی چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت و بەهۆیەوە هێرشدەکاتە سەر ئەسەد، ئەمەریکا و ئەوروپاش پێیان وایە بەشار ئەسەد نیازی هەیە چەکی کیمیایی لە ئیدلب بەکاربهێنێت بۆیە ئەوان ئامادەی هێرشکردن دەبن.
ئیدلب دواین پێگەی ئۆپۆزسیۆنی سووریایە، بە کۆنتڕۆڵکردنی، ئەسەد جارێکی دیکە جڵەوی حکوومڕانی بەشێکی زۆری وڵاتی سووریا دەخاتەوە ژێر رکێفی خۆی، ئەمەش بە شکستی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی لە سووریا سەیردەکرێت.
H.J