ژاپۆن بایکۆتی نەوتی ئێران دەکات
"تۆکیۆ 5.3%ی نەوتەکەی لە تاران دەکڕێت"

K24 – ههولێر:
بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە، گەورە کۆمپانیا نەوتییەکانی ژاپۆن ئامادەکاری بۆ راگرتنی هاوردەکردنی نەوت لە ئێران دەکەن.
وتەبێژی کۆمپانیای شۆوا شیڵ سێکیۆ بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە: "تۆکیۆ هەوڵەکانی بۆ بەردەوامی بازرگانیکردن لەگەڵ ئێران دەستپێکردووە، بەڵام بڕوامان وایە کە تۆکیۆ ناتوانێت ئەمەریکا رازیبکات".
بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی سپۆتنیک، ژاپۆن 5.3%ـی نەوتی خاو لە ئێرانەوە هاوردە دەکات، لە ئێستادا چاوی بڕیوەتە چەند وڵاتێکی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاکو ئەو کورتهێنانە پڕبکاتەوە.
پێش رێککەوتنامەی ئەتۆمی، ئەگەرچی ئێران هێشتا سزای لەسەربوو، بەڵام وڵاتانی ژاپۆن و کۆریای باشوور دەیانتوانی بازرگانی نەوت لەگەڵ تاران بکەن، بەڵام ئەمریکا ئەمجارە سوورە لەسەر ئەوەی هیچ وڵاتێک پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ ئێران نەمێنێت.
بڕیارە تشرینی دووەمی ئەمساڵ، ئەمەریکا بەشی دووەمی سزاکانی سەر ئێران بگەڕێنێتەوە کە کڕینی نەوتی ئێران لە وڵاتانی دیکە قەدەغەدەکات.
H.J