سعودییە سزای نوێ بەسەر رەخنەگرانی ئینتەرنێت دەسەپێنێت

جیا لە زیندانی دەبێت 800 هەزار دۆلار بدەن

K24 – هه‌ولێر:

وڵاتی سعوودییە پێنج ساڵ هاووڵاتیانی دەخاتە زیندانەوە ئەگەربێتو لەرێگای ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان "گاڵتە" بە یاسا و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتەکەیان بکەن.

داواکاری گشتی سعوودییە لەهەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردۆتەوە: "هەرکەسێک تاوانی زانیاریی لە سۆشیال میدیا ئەنجامبدات کە کاربکاتە سەر ئایین، پێگەی کۆمەڵایەتی، بەهاکان و رەوشتی گشتی. ماوەی پێنج ساڵ زیندانی دەکرێت و بڕی سێ ملیۆن ریال (800 هەزار دۆلار) سزادەدرێت".

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی بلومبێرگ، لە چەند ساڵی رابردوودا، دەیان مەلا، رۆشنبیر، بازرگان و چالاکوان بەهۆکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە سعوودییە دەستگیرکراون.

لەلایەکی دیکەوە و وەک ئەوەی لە رۆژنامەی دەیلی مەیلدا هاتووە، دادگای سعوودییە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ شێخ سەلمان عودای دەرکردووە کە ساڵی پار هاوڕێ لەگەڵ 20 کەسی دیکە بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکرابوون.

سعوودییە یاسای توندی هەیە بۆ ئەو هاووڵاتیانەی رەخنەی تەنزدار ئاراستەی حکومداری وڵاتەکەیان دەکەن و لە رابردووشدا چەندین هاووڵاتی سزای تووندیان بەهۆی سەرپێچیکردن لەو یاسایانە بەسەردا سەپاوە.

H.J