یەكێتی بێ ئاگایی خۆی لە ھێرشی سەر دیموكرات رادەگەیەنێت
"هەوڵمانداوە روداوی چاوەڕوانەكراو نە بەرامبەر میوانداری و نە بەرامبەر سەروەری یاسا رونەدات"
K24 - ھەولێر
گوتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان راگەیەندراوێكی لەبارەی ھێرشی ئەمڕۆی سەر بارەگاكانی حزبی دیموكرات لە كۆیە بڵاوكردەوە و ئاشكرای كرد، كە ئەوان لەو ھێرشە ئاگادار نەكراونەتەوە.
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەكێتی لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت: "هەموو چەشنە چالاكییەكی عەسكەری، كە لە باشووری كوردستانەوەو لەپەنای سەروەری یاسا و ئاسایشی هەرێمەوە، پێشێلكردنی هەموو ئەو پەیامانەیە، كە بەراشكاویی، بەلایەنە كوردستانییەكانمان گەیاندووە".
دەشڵێت: "ئەم بۆردوومانكردنەش، دوورونزیك، سەركردایەتی یەكێتی نەك ئاگادارنەكراوە، بەڵكو مایەی ناڕەزایی یەكێتیشە، كە زیاتر لە (35) ساڵە، هەوڵمانداوە، رووداوی چاوەڕوانەكراو، نە بەرامبەر میوانداری و نە بەرامبەر سەروەری یاسا، رونەدات".
دەقی راگەیەندراوی گوتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان
پێشینوەڕۆی ئەمڕۆ (8/9/2018) لەناكاو بۆردوومانی بارەگاكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كراوەو سەرەنجام زیانی گیانی و مادی بەرچاو، روویداوە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەساڵانی رابوردوودا، سیاسەتی رۆشن بووە كە:
یەكەم: هەموو چەشنە چالاكیەكی عەسكەری، كە لەباشووری كوردستانەوەو لە پەنای سەروەری یاساو ئاسایشی هەرێمەوە، پێشێلكردنی هەموو ئەو پەیامانەیە، كە بەراشكاویی، بەلایەنە كوردستانیەكانمان گەیاندووە.
دووەم: ئەم بۆردوومانكردنەش، دوورونزیك، سەركردایەتی یەكێتی نەك ئاگادارنەكراوە، بەڵكو مایەی ناڕەزایی یەكێتیشە، كە زیاتر لە (35) ساڵە، هەوڵمانداوە، روداوی چاوەڕوانەكراو، نە بەرامبەر میوانداری و نە بەرامبەر سەروەری یاسا، رونەدات.
سەرەخۆشیی لەكەسوكاری شەهیدەكان دەكەین و هیوای زوو چارەسەری بریندارەكانیش دەخوازین.
وتەبێژی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
8/9/2018