تویژینەوەیەک: هەنار تەندروستی دڵ باشتر دەکات

ئەنجامی توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی (King's College London) ئومێدێکی نوێ بە تەندروستیی دڵ دەبەخشێت؛ بەپێی توێژینەوەکە، پێکهاتەیەکی سروشتی کە پاش خواردنی هەنار لەلایەن بەکتریای ریخۆڵەوە بەرهەمدێت، توانستی کارکردنی دڵی لەو مشکانەی تووشی پەککەوتنی دڵ بوون تاوەکو 80% باشتر کردووە. بەڵام پشتڕاستکردنەوەی سوودەکانی بۆ نەخۆش، پێویستی بە تاقیکردنەوەی کلینیکی لەسەر مرۆڤ هەیە.

توێژەرانی زانکۆی (King's College London) ئاشکرایان کرد، پێکهاتەیەکی سروشتی بە ناوی (Urolithin A) کە لە ئەنجامی هەرسکردنی هەناردا لەلایەن بەکتریای ریخۆڵەوە بەرهەمدێت، پرۆتینێک چالاک دەکات کە رۆڵێکی گرنگ لە خاوکردنەوە و حەسانەوەی دڵ لەنێوان لێدانەکانیدا دەگێڕێت.

توێژینەوەکە لە گۆڤاری (Science Advances) و بە هاوکاری دامەزراوەی دڵی بەریتانی بڵاوکراوەتەوە، پشتی بە تاقیکردنەوە لەسەر مشک و شانەی دروستکراوی دڵی مرۆڤ لە تاقیگەدا بەستووە.

توێژەران سەرنجیان خستووەتە سەر حاڵەتێک کە بە "پەککەوتنی دڵ لەگەڵ پاراستنی رێژەی دەرپەڕاندن" دەناسرێت؛ لەم حاڵەتەدا دڵ بە شێوەیەکی رێژەیی بەردەوام دەبێت لە لێدان، بەڵام رەقتر دەبێت و بەزەحمەت خاو دەبێتەوە تاوەکو دووبارە بە خوێن پڕ ببێتەوە.

لە تاقیکردنەوەکاندا دەرکەوتووە، ئەم پێکهاتەیە بریتی بووە لە کەمکردنەوەی رەقبوونی شانەکانی دڵ و یارمەتیدانی بۆ ئەوەی بە ئاسانی پشوو بدات، ئەوەش پەستانی ناوەوەی کەمکردووەتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی زانکۆکە، ئاستی کارکردنی دڵ لەو مشکانەی چارەسەرەکەیان وەرگرتووە تاوەکو 80% باشتر بووە بە بەراورد بەوانەی چارەسەرەکەیان وەرنەگرتووە.

تەنانەت لە تاقیگەدا، (Urolithin A) وایکردووە شانەکانی دڵی مرۆڤ بە خێراییەکی زۆرتر گرژ ببنەوە و خاو ببنەوە. بەپێی توێژەران، ئەمە پەیوەندی بە چالاکبوونی پرۆتینی (PKGIα)ەوە هەیە کە بەرپرسە لە رێکخستنی پەستانی خوێن و حەسانەوەی دڵ.

لای خۆیەوە جوزێف بۆرگۆین، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە ئاماژەی بەوە دا، ئەم ئەنجامانە دەرگا بۆ دروستکردنی دەرمانی نوێ دەکەنەوە تاوەکو باری تەندروستی و کوالیتی ژیانی نەخۆشەکان باشتر بێت.

بەڵام جەختیشی کردەوە، ئەم زانیارییانەی ئێستا بەس نین بۆ ئەوەی رێنمایی نەخۆشانی دڵ بکرێت بە خواردنی هەنار، بەڵکو پێویستە توێژینەوەی زیاتر لەسەر ئەو سیستەمە خۆراکییانە بکرێت کە هاوکارن لە بەرهەمهێنانی ئەم پێکهاتەیەدا.

لە لایەکی دیکەوە، جێمس لیپەر، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە دامەزراوەی دڵی بەریتانی رایگەیاند، سوودەکانی ئەم پێکهاتەیە تاوەکو ئێستا تەنیا لەسەر ئاژەڵ و شانەی تاقیگەیی بەدی کراون، بۆیە تاقیکردنەوەی کلینیکی لەسەر مرۆڤ پێویستییەکی حەتمییە تاوەکو کاریگەرییەکەی دیاری بێت.

ئەم شارەزایە جەختی کردەوە، پەیڕەوکردنی سیستەمێکی خۆراکی تەندروست و هاوسەنگ  باشترین رێگەیە بۆ پاراستنی دڵ؛ خواردنی میوە و سەوزەکان بەگشتی تەندروستی دڵ باشتر دەکەن، بەڵام هیچ خۆراکێک بە تەنیا ناتوانێت رێگری لە نەخۆشییەکانی دڵ بکات یان چارەسەریان بکات.