كۆسره‌ت ره‌سول په‌یامێك له باره‌ی بۆردومانه‌كه‌ی كۆیه بڵاوده‌كاته‌وه
سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی خانه‌واده‌ی "شه‌هیدان و قوربانییان" ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
كۆسره‌ت ره‌سووڵ عه‌لی، جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، په‌یامێكی له باره‌ی بۆردومانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی باره‌گاكانی هه‌ردوو حیزبی دیموكراتی بڵاو كرده‌وه و هێرشه‌كه ئیدانه ده‌كات.
له په‌یامه‌كه‌ی كۆسره‌ت ره‌سووڵدا هاتووه: " مێژوو سه‌لماندوویه‌تى، كه نه شه‌ڕی چه‌كدارى، نه تۆپباران و بۆمباران، نه راگواستن و زیندانى كردن و له‌سێداره‌دان ناتوانێ كۆتایی به‌داوا ره‌واكانى گه‌لى كورد بێنى، بۆیه تاكه چاره‌سه‌رى راسته‌قینه‌و شاڕێگاى گه‌یشتنى كورد به مافه‌كانى و گه‌ڕانه‌وه‌ى دۆخی سه‌قامگیر و ئاشتى بۆ ناوچه‌كه، ته‌نهاو ته‌نها گفتوگۆ‌و كۆبوونه‌وه‌ى هه‌مووانه بۆ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى ئاشتیانه".
ده‌قی په‌یامه‌كه:
به‌ناوى خواى گه‌وره‌و میهره‌بان
"كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدانى كاره‌ساتى 8ى ئه‌یلوول
زۆر به‌داخه‌وه ئه‌مڕۆ له كۆیه ئێران تۆپبارانى باره‌گاكانى هه‌ردوو حزبی دیمو‌كراتى كرد‌و به‌هۆیه‌وه ده‌یان سه‌ركرده‌و كادیری قاره‌مان شه‌هیدبوون و ژماره‌یه‌ك له ژن و منداڵ و هاووڵاتى سڤیل بریندار بوون، لێره‌وه هاوكاتى ئیدانه كردنى ئه‌م تۆپبارانه ده‌رهه‌ق به هه‌ردوو حزبی دیموكرات، پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی و هاوخه‌مى قووڵی خۆم ئاراسته‌ى كه‌سوكارى شه‌هیدانى كاره‌ساتى 8ى ئه‌یلوول ده‌كه‌م و هیواى زوو چاكبوونه‌وه بۆ برینداره‌كان ده‌خوازم.
مێژوو سه‌لماندوویه‌تى، كه نه شه‌ڕی چه‌كدارى، نه تۆپباران و بۆمباران، نه راگواستن و زیندانى كردن و له‌سێداره‌دان ناتوانێ كۆتایی به‌داوا ره‌واكانى گه‌لى كورد بێنى، بۆیه تاكه چاره‌سه‌رى راسته‌قینه‌و شاڕێگاى گه‌یشتنى كورد به مافه‌كانى و گه‌ڕانه‌وه‌ى دۆخی سه‌قامگیر و ئاشتى بۆ ناوچه‌كه، ته‌نهاو ته‌نها گفتوگۆ‌و كۆبوونه‌وه‌ى هه‌مووانه بۆ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى ئاشتیانه.
داواكاریشین لە هەموو لایەك كە هەرێمی كوردستان نەكەنە گۆڕەپانی ململانێ سیاسی و سەربازییەكان لە ناوچەكە، چونكە كوردستان بە دۆخێكی هەستیاردا تێپەڕدەبێ.
كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لى
جێگری سكرتێری گشتى
یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان"