فوئاد مه‌عسوم مووشه‌كبارانه‌كه‌ی قه‌ڵای دیموكرات شه‌رمه‌زار ده‌كات
به‌كارهێنانی هێز رێگه‌چاره‌یه‌كی به‌رهه‌مدار نییه
K24- هه‌ولێر:
فوئاد مه‌عسوم، سه‌رۆك كۆماری عێراق هێرشی مووشه‌كی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سه‌ر كه‌مپی خێزانه‌كان و باره‌گاكانی حزبی دیموكراتی كوردستان له شاری كۆیه‌ی شه‌رمه‌زار ده‌كات.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا نووسینگه‌ی سه‌رۆك كۆمار دووپاتیكرده‌وه، "ئه‌و مووشه‌كبارانه‌ی بۆ سه‌ر كه‌مپی خێزانه‌كان و باره‌گاكانی حزبی دیموكراتی ئێران له شاری كۆیه‌ی سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێر ئه‌نجامدرا، زه‌نگێكی مه‌ترسیدار و پێشێلكاریێكی زه‌قی سه‌ر ئاسایشی وڵاته‌كه‌مانه".
به‌یاننامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، "سه‌رۆك كۆمار به‌رامبه‌ر ئه‌و مووشه‌كبارانه‌ی كۆماری ئیسلامی هه‌ست به نیگه‌ریانیێكی قووڵ ده‌كات، كه به‌هۆیه‌وه ژماره‌یه‌كی زۆری سڤیل بوونه قوربانی و زۆربه‌یان ئافره‌ت و منداڵن"، جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، "بژارده‌ی به‌كارهێنانی هێز رێگه‌چاره‌یه‌كی به‌رهه‌مدار یانیش جێگره‌وه‌یه‌كی باش نییه بۆ گفتوگۆی ئاشتیانه، هه‌روه‌ك تێگه‌یشتنی سه‌ركردایه‌تی ئێرانیش بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌رگای گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ هێزه نیشتیمانییه‌كان كه له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و وڵاتی ئێران‌دا بێت، به‌رز ده‌نرخێنین".
پێش نیوه‌ڕۆكی ئه‌مڕۆ، قه‌ڵای دیموكرات، كه باره‌گاكه‌ی هه‌ردوو حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و حزبی دیموكراتی كوردستانی لێیه، له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه مووشه‌ك باران كراوه، به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان 24 تا ئێستا 14 كه‌س گیانیان له ده‌ستداوه و 40 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون، وێڕای بێسه‌ر و شوێن بوونی 2 كه‌سی دیكه.
دوای هێرشه فراوانه‌كه‌ی مانگی ئابی ساڵی 1996 بۆ سه‌ر باره‌گاكانی دیموكرات له كۆیه و چه‌ندین ته‌قینه‌وه‌ی ناو به‌ناو دژی باره‌گاكانیان، له ماوه‌ی 22 ساڵی رابردوودا هێرشه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ به گه‌وره‌ترین هێرشی مووشه‌كی داده‌نرێت.
H.B