توركیا ناوچە سنوورییەكانی ئامێدی بۆردوومان دەكات

دوو گوندی ناوچەكە كەوتنە بەر بۆردوومانەكە

K24 - دھۆك

فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا، بە بیانووی بوونی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ناوچە سنوورییەكانی قەزای ئامێدی لە سنووری پارێزگای دھۆك بۆردوومان دەكەن.

شەماڵ بەرچی، پەیامنێری كوردستان24 لە ئامێدی رایگەیاند: "كەمێك لەمەوبەر فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ناوچە سنوورییەكانی ئامێدیان بۆردوومان كرد".

گوتیشی: "ھەر یەك لە گوندەكانی سكێرێ و سەركەلێ، لە دەڤەری نھێلی كەوتنە بەر بۆردوومانەكە".

ئەمە لەكاتێكدایە لە چەند رۆژی رابردوودا فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بنكە و بارەگاكانی پەكەكەیان لە دەڤەری سیدەكان و بناری قەندیل بۆردوومان كردەوە.