"مووشەکبارانکردنی کورد بەهۆی نەبوونی سیستمی بەرگرییە"
"جیا لە کورد گشت هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا سیستمی دژە مووشەکییان هەیە"
K24 – ههولێر:
رۆژنامەی جەروسلم پۆستی ئیسرائیلی هێرشکردنە سەر قەڵای دیموکراتەکان لە کۆیە، بە هەڕەشە بۆ گشت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناودەبات و دەشڵێت کوردەکان بێ بەرگرین بۆیە تاران تواناکانی لەسەریان تاقیدەکاتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی جەروسلم پۆست، ئێران لە یەک ساڵی رابردوودا، لە رێگای گروپە جیاوازەکانی، لە خاکی وڵاتانی سووریا و یەمەن، هێرشیکردۆتە سەر سعودییە و ئیسرائیل، ئەمەش بۆ نیشاندانی هێزی سەربازیی کۆماری ئیسلامی ئێرانە لە سەروبەندی زیادکردنی سزاکانی سەر ئێران لە لایەن ئەمەریکاوە.
ئەگەرچی پێشتر ئێران هێرشیکردۆتە سەر پێشمەرگەکانی دیموکرات، بەڵام هەرگیز ئەوە رووینەداوە، بە مووشەکی زیرەک و دوورهاوێژ پێگەکانیان بکاتە ئامانج، ئەمەش بۆخۆی گەشەسەندنی توانایی مووشەکی ئێران نیشان دەدات کە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێی نیگەرانن.
وەک ئەوەی ئەو رۆژنامە نووسیویەتی، نابێت هێرشکردە سەر کۆیە وەک هێرشی تاران بۆ سەر گروپێکی ئۆپۆزسیۆن تەماشابکرێت چونکە هەمان جۆری مووشەک لەلایەن حوسییەکان ئاراستەی سعودییە کراوە کە 900 کیلۆمتەریان بڕیوە تا گەشتوونەتە جێگای مەبەست.
هێزەکانی سەر بە ئێران لە سووریا فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیان ناردۆتە ئاسمانی ئیسرائیل و تەنانەت لە مانگی پێنج، مووشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.
بەگوێرەی وێنە سەتەلایەتییەکان، ئێران کارگەی بەرهەمهێنانی مووشەکی لە باکووری سووریا دامەزراندووە و مووشەکیشی بە هێزەکانی حەشدی شەعبی و میلیشیا شیعەکانی دیکەوە داوە، ئەمەش جیا لەوەی چەند ساڵێکە بزووتنەوەی حەماس کەڵک لە مووشەکەکانی کۆماری ئیسلامی وەردەگرێت.
کەواتە وێنە گەورەکەی هێرشی سەر شاری کۆیە، شتێکی دیکە دەڵێت. ئەمەریکاش لەو کارە ئاگادارە، یەکێک لە یاساکانی دەسەڵاتی بەرگری نیشتیمانی ئەمەریکا کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا واژۆی لەسەر کردووە، بڕگەیەکی تەرخانکراوە بە "هەڕەشەی مووشەکی ئێران بۆ ناوچەکە".
پێشتریش، سیگل ماندێکلکیر، سکرتێری تایبەت بە پرسی دارایی و زانیاری تیرۆرستی لە ئەمەریکا، رایگەیاندبو: "ئێران دەبێت دەست لە پەرەدان بە مووشەکی دورهاوێژ هەڵبگرێت".
هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە سیستمی بەرگری مووشەکی خۆیان هەیە. ئیسرائیل خاوەنی سیستمەکانی ئایرۆن دۆم، دەیڤد سلینگ و ئارۆ پرۆگرامە، هەرچی سعوودییەشە، خاوەنی سیستمی بەرگری پاتریۆتە. ئەمەش وایکرد، سوپای پاسداران مووشەکەکانی لەسەر کوردە بێ بەرگرییەکان تاقیبکاتەوە.
بەڵام هێرشی سەر دیموکراتەکان، پەیامێکی رونی ئێران بۆ ئەمەریکا و ئیسرائیل. ئەوە نیشان دەدات کە چۆن دەتوانێت ئۆپەراسیۆن لە ناوچەکە ئەنجامبدات بە یەمەن، عێراق ، سووریا و لوبنانەوە. وەڵامی ئەمەریکا لەبارەی هێرشی سەر کۆیە، ئەوە دەردەخات کە ئایا واشنتن دەست بە جولەی کرداری دەکات بۆ رێگری لە تاران یاخود گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵدەکات کە ئازادانە کارەکانی بکات.
H.J