مايك پێنس ئيدانه‌ى هێرشه‌ مووشه‌كييه‌كه‌ى ئێران بۆ سه‌ر كۆيه‌ ده‌كات

جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ريكا په‌يوه‌ندى به‌ نێچيرڤان بارزانييه‌وه‌ ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:

جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ريكا، مايك پێنس، رايگه‌ياند، په‌يوه‌نديم به‌ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ كرد.

پێنس له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى تويته‌ر تويتێكى كردووه‌ و تێيدا نووسيويه‌تى: له‌و په‌يوه‌ندييه‌دا ئيدانه‌ى هێرشه‌ مووشه‌كييه‌كه‌ى ئێرانم كرد بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ هه‌وڵێكه‌ بۆ هه‌ڕه‌شه‌كردن و ناسه‌قامگيركردنى نزيكترين دراوسێ.

هه‌ر له‌و باره‌يه‌وه‌، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، نێچيرڤان بارزانى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى تويته‌ر نووسيويه‌تى: له‌و په‌يوه‌ندييه‌مدا ئاماده‌يى هه‌رێمى كوردستانم بۆ به‌رده‌وامى شه‌ڕى تيرۆر دووپاتكرده‌وه‌. هه‌روه‌ها باسى هه‌وڵه‌كانى كوردم بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى عێراق له‌ به‌غدا كرد. پشتگيرى ئه‌مه‌ريكا بۆ هه‌رێمى كوردستان به‌رز ده‌نرخێنين و باسمان له‌ هه‌وڵى زياتر بۆ به‌هێزكردنى ئه‌و په‌يوه‌ندييه‌ كرد. هه‌ر له‌و په‌يوه‌ندييه‌دا دووپاتمان كرده‌وه‌، كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌وه‌ى ببێته‌ په‌ناگه‌يه‌كى ئارام بۆ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان و ئازادى ئاينى و پێكه‌وه‌ ژيان.