ڤیدیۆ.. ئامبۆڵانس لە ناوەڕاستی یاریگە لەکار دەکەوێت و یاریزانان ناچار دەبن پاڵی پێوەبنێن
رووداوێکی دەگمەن و سەیر لە یارییەکی خولی بڕازیلی
لە یارییەکی خولی بڕازیلی رووداوێکی دەگمەن و سەیر روویدا، کاتێک بەهۆی لەکارکەوتنی ئامبۆڵانس یاریزانان ناچار بوون پاڵی پێوە بنێن تاکو بە ئیشی بخەنەوە و بچێتە دەرەوەی یاریگە.
لە یاریی نێوان فلامینگۆ و ڤاسکۆ فی گاما لە خولی بڕازیلی لە نیوەی دووەمدا، دوای ئەوەی برۆنۆ سیلڤای یاریزانی ڤاسکۆ دی گاما تووشی پێکان بوو، پزیشکان بە ئۆتۆمبێڵی ئامبۆڵانسەوە هاتنە ناو یاریگە بۆ ئەوەی ئەو یاریزانە پێکراوە ببەنە دەرەوە، بەڵام دوای ئەوەی یاریزانەکەیان خستە ناو ئامبۆڵانسەکە، هەر 54 هەزار هاندەرەکەی انو یاریگەی مانی گارینشا لە بڕازیلیا شۆک بوون، کاتێک شوفێری ئامبۆڵانسەکە بە یاریزانەکانی گوت ئۆتۆمبێڵەکەی لەکارکەوتووە و ناتوانێت لێیبخوڕێت.
ریڤەری بەرگریکاری فلامینگۆ دوای یارییەکە بە میدیاکانی راگەیاند، کاتێک شوفێرەکە پێیگوتم ئۆتۆمبێڵەکەی لەکارکەوتووە و ناتوانێت لێیبخوڕێت وامزانی گاڵتەم لەگەڵ دەکات، بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت بەڕاستیەتی و بە ناچاری پاڵمان پێوەنا، تاکو ئامبۆڵانسەکە بە ئیشکەوت، کە پێموایە ئەمە یەکەمجارە روودەدات'.
یارییەکە بە گۆڵێک بۆ هەردوولا بەکۆتا هات، کە ڤاسکۆ دی گاما بەهۆی پێکانەکەی برۆنۆ و تەواوبوونی گۆڕانکارییەکانی ناچار بوو کۆتاییەکانی نیوەی دووەم بە 10 یایریزان یاریی بکات.