گاریس بەیل بۆیەکەمجار باسی ریال مەدریدی دوای رۆیشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکات
بەیل رەتیدەکاتەوە لە نێوان زیدان و لۆپیتیخی یەکێکیان دەستنیشان بکات
گاریس بەیل بۆیەکەمجار باسی ریال مەدریدی دوای کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکات و دووپاتیشی دەکاتەوە گۆڵەکەی لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ شایستەی ئەوە بوو لە 10 بەربژێری خەڵاتی جوانترین گۆڵی جیهان بێت.
گاریس بەیلی هێرشبەری وێلزی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە دیمانەیەکی لەگەڵ رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی ئاشکرایکردووە، دوای رۆیشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئێستا یانەکەیان زیاتر بە کۆمەڵ یاریی دەکات و لەبری ئەوەی تەنیا پاشت بە یاریزانێک ببەستێت، ئێستا یانەکەیان بە کۆمەڵ پشت بە سەرجەم یاریزانەکانی دەبەستێت.
لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی بۆ پرێمەرلیگ، هێرشبەرەکەی پێشووی تۆتێنهام هۆتسپێرسی ئینگلیزی دەڵێت 'دەتوانم بەڵێ دەمەوێت بگەڕێمەوە و ناشمەوێت بگەڕێمەوە، چونکە هەموو یاریزانێک حەز دەکات بگەڕێتەوە خولی ناوخۆیی وڵاتەکەی و لەوێ هەست بە خۆشەویستی زیاتر دەکات، بەڵام ئێستا من لە باشترین یانەی جیهان یاریی دەکەم، دەمەوێت نازناوی زیاتر بەدەست بهێنم'.
گاریس بەیل لەبارەی ئەو گۆڵەی چەند خولەکێک دوای هاتنە ناوەوەی لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ وەرزی رابردوو لە کیێڤ بەرامبەر لیڤەرپوول بە تۆماریکرد دەڵێت، نازانم گۆڵەکەی من یان گۆڵەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەرامبەر یۆڤێنتۆس جوانترە، ئەمە ئەرکی من بدەم یەکلای بکەمەوە، بەڵام زۆرم پێ سەیرە ئەو گۆڵەم بە یەکێک لە 10 بەربژێرەکەی خەڵاتی جوانترین گۆڵی ئەوروپا دەستنیشان نەکرا، نازانم کێ گۆڵەکانی هەڵسەنگاندووە، ئەوەی ئەم گۆڵانەی دەستنیشانکردووە پێویستە دەستە لەکار بکێشێتەوە'.
هەروەها یاریزانە وێلزییەکە دەڵێت 'کاتێک هاتمە ناو یاریگە زۆر تووڕەبووم، چونکە پێموابوو شایستەی ئەوەبووم لە سەرەتاوە دەست بە یارییەکە بکەم، ئەوەندە تووڕە بووم نەمدەتوانی تووڕەییەکەم بشارمەوە، هەربۆیە پێویست بوو شتێکی جیاواز بکەم تاکو بەرهەڵستی خۆم بۆ یەدەگبوونم پیشان بدەم، کاتێک تۆپەکەم بۆ هات یەکسەر بیرم لەوە کردەوە بەمشێوازە تۆپەکە ئاڕاستەی گۆڵ بکەم و توانیم گۆڵ بکەم'.
بەیل رەتیشی دەکاتەوە لە نێوان زینەدین زیدن و جولیان لۆپیتیخی یەکێکیان دەستنیشان بکات، بەڵام پێیوایە لۆپیتیخی بەهۆی ئەوەی زمانی ئینگلیزی دەزانێت کارئاسانی باشی بۆ دەکرێت، چونکە دەتوانێت وردەکارییەکان بە زمانی ئینگلیزی باس بکات، هەرچەندە ئەو هێرشبەرە وێلزییە زمانی ئیسپانیش دەزانێت.