بەفەرمی هەڵبژاردەی عێراق رووبەڕووی مێسی دەبێتەوە
بەشداریی پاڵەوانێتی چوارقۆڵی نێودەوڵەتی دەکات
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بەفەرمی بڕیاری دا بەشداریی پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی چوار قۆڵی بکات، بەمەش هەڵبژاردەی عێراق رووبەڕووی لیۆنێل مێسی و ئارجێنتینا دەبێتەوە.
ئەمڕۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە بەغدا کۆبووەوە و بڕیاری دا داوایەکی دەستەی گشتی وەرزشی سعوودیە قبووڵ بکات و بەشداریی پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی چوار قۆڵی بکات، کە وابڕیارە مانگی داهاتوو لە سعوودیە بە بەشداریی هەڵبژاردەکانی ئارجێنتینا و بڕازیل و سعوودیە بەڕێوە بچێت.
بە گوێرەی خشتەی یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە، رۆژی 12ی مانگی داهاتوو عێراق رووبەڕووی ئارجێنتینا دەبێتەوە و بڕازیل و سعوودیەش لەگەڵ یەکتری یاریی دەکەن، ئینجا دوای چوار رۆژی دیکە عێراق و سعوودیە یاریی دەکەن و لە یاریی کلاسیکۆشدا، بڕازیل و ئارجێنتینا بەیەک دەگەن.
پێشتر میدیاکانی سعوودیە و ئارجێنتینا رایانگەیاندبوو، لیۆنێل مێسی گەرچی بەشداریی دوو یاریی دۆستانەی رابردووی تانەگۆی نەکرد، بەڵام بانگهێشتی ئەم دوو یارییە دەکرێت و بەشداریی پاڵەوانێتییەکەی سعوودیە دەکات، بەمەش مێسی لە سعوودیە رووبەڕووی بەرگریکارانی عێراق دەبێتەوە.
پێشتر سعوودیە داوای لە میسر کردبوو بەشداریی پاڵەوانێتییەکە بکات، بەڵام بەهۆی پابەندبوونی میسر بە پاڵاوتنەکانی ئەفریکا داوای لێبوردنی کرد، کە ئەم پاڵەوانێتییە وەکو ئامادەکارییەکە بۆ سعوودیە و عێراق بۆ خۆئامادەکردن بۆ پاڵاوتنەکانی جامی ئاسیای 2019.
