گریزمان: ئێستا من لە ئاستی مێسی و کریستیانۆدام
گریزمان: بەداخەوە بۆ فیفا شەرمە هیچ یاریزانێکی فڕەنسی بەربژێر نییە بۆ خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان
ئانتوان گریزمان پێیوایە لە هەمان ئاستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی دایە و بە تووندی رەخنەش لە فیفا دەگرێت.
ئانتوان گریزمان لە دیمانەیەکی لەگەڵ رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی کە لە ژمارەی ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوکراوەتەوە، لەبارەی ئاستی خۆی دەڵێت 'پێموایە ئێستا لە ئاستی کریستیانۆ و میسیدام و دەتوانم لەسەر هەمان مێزی باشترینەکان دابنیشم، ئێستا من لەگەڵ هەڵبژاردەکەم و یانەکەم بە دۆخێکی باشدا تێدەپەڕم، لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید بوومە پاڵەوانی یۆرۆپالیگ و سووپەری ئەوروپا و لەگەڵ فڕەنساش بوومە پاڵەوانی مۆندیال'.
گریزمان لەبارەی بەربژێرنەکرانی بۆ خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان، کە سەرەتای ئەم مانگە فیفا هەریەکە لە محەمەد سەڵاح و لۆکا مۆدریچ و کریستیانۆ رۆناڵدۆی بۆ خەڵاتی زە بێست بەربژێر کرد، دەڵێت 'بەداخەوە بە نەبینینی هیچ یاریزانێکی فڕەنسی لە لیستی کۆتاییدا زۆر تووڕە بووم، بەڵام ناتوانم هیچ بکەم، بەداخەوە لە مۆندیال ئێمە هەموو شتێکمان کرد و پاڵەوانێتییەکی باشمان بەڕێکرد، بەڵام نە ناوی من نە مباپێ و ڤاران و کانتی لە لیستی کۆتاییەکەی فیفا نەبوو، ئێستا ئامانجی من خەڵاتی بالۆن دۆرە، سێ مانگم لەبەردەمە و پێویستە هەموو شتێک بکەم'.
