پارتی له‌ ئاكرێ ئاهه‌نگی جه‌ماوه‌ری بۆ پاڵپشتی لیسته‌كه‌ی سازده‌كات

مه‌سروور بارزانی ئاماده‌ ده‌بێت

K24 - هه‌ولێر:

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شارۆچكه‌ی ئاكرێ، ئاهه‌نگێكی جه‌ماوه‌ریی فراوان بۆ پاڵپشتیكردن له‌ لیستی 183ـی حزبه‌كه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ساز بكات.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان له‌ ئاهه‌نگه‌كه‌دا مه‌سروور بارزانی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌شداره‌ و وتارێك پێشكه‌شی ئاماده‌بووان و خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات.

له‌ رۆژی 11/9/2018ـه‌وه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ به‌شێك له‌ شاره‌كانی كوردستان به‌ ئاهه‌نگی جه‌ماوه‌ری و كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی فراوان ده‌ستی به‌ هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌كردن بۆ لیسته‌كه‌ی (لیستی 183) كردووه‌و كاندیده‌كانی و كارنامه‌كه‌ی به‌ خه‌ڵكی كوردستان ده‌ناسێنێت.

پارتی به‌ڵێنی "بنیاتنانی كوردستانێكی به‌ھێز" به‌ ده‌نگده‌رانی كوردستان ده‌دات و پێیوایه‌ بۆ "ئه‌وه‌ی كوردستان به‌ھێز بێت، ده‌بێت پارتی به‌ھێز بێت".

بڕیاره‌ رۆژی 30/9/2018 هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت و 28 لیست و قه‌واره‌ی سیاسی به‌شداریی تێدا بكه‌ن، تا 100 نوێنه‌ر و 11 نوێنه‌ری كۆتای پێكهاته‌ ئایینی و نه‌وه‌ته‌ییه‌كانی دیكه‌ بۆ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێن.