ئەمینداری گشتیی نوجەبا پێچەوانەی فەرمانەکەی زەیدی بەسەر ئاڵای ئەمریکا تێپەڕی
دەسەڵاتدارانی عێراق رایانگەیاند، ژمارەیەک کەسیان بە تۆمەتی پێشێلکردنی ئاڵای ئەمریکا لە رێوڕەسمێکی گشتیدا دەستگیرکردووە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات حکوومەتی عێراق جەختیکردەوە هیچ سازشێک لەگەڵ ئەوانە ناکات کە پێشێلکاری بەرامبەر ئاڵا یان هێمای وڵاتانی دیکە دەکەن.
لەنێوان ئەو کاردانەوانەدا، هەژمارێکی سەر بە بزووتنەوەی نوجەبا ڤیدیۆیەکی ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکەی بڵاوکردەوە، تێیدا کەعبی بەسەر ئاڵای ئەمریکادا تێدەپەڕێت.
ئەم دیمەنانە تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای جوڵەی هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە هات لە رێوڕەسمەکاندا پێشێلکارییان کردبوو. هاوکات بەشێکی زۆری عێراقییەکان ئەم کارەیان بە تەحەدایەک بۆ دەوڵەت وەسف کرد، بەو پێیەی ململانێی نێوان دەسەڵاتی دەوڵەت و سەرکێشیی گرووپەکانی سەر بە بەرەی مەقاوەمە گەیشتووەتە قۆناخێکی نوێ. بەشێکی دیکە لە هاووڵاتییان داوایان کرد کەعبی دەستگیر بکرێت و هاوشێوەی کەسانی دیکە لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵدا بکرێت.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، دوێنێ یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "هەرکەسێک تێوەگلانی لەو پێشێلکارییانەی سەروەریدا بسەلمێندرێت، رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە بە جۆرێک لەگەڵ یاساکانی عێراق و نەریتە دیپلۆماسییەکاندا بگونجێت".
گوتەبێژەکە دووپاتیکردەوە، پابەندبوونی حکوومەت بە رێزگرتن لە هێماکانی وڵاتان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان، ئەرکێکی یاسایی و دیپلۆماسییە و هۆشداری دا هەر جۆرە پێشێلکاری یان سووکایەتییەک لەم بارەیەوە، لێپرسینەوەی یاسایی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
لە دوو رۆژی رابردوودا وێنە و ڤیدیۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەوە تێیدا ئۆتۆمبێل بەسەر ئاڵایەکی گەورەی ئەمریکادا دەڕوات کە لە شەقامەکانی بەغدا راخرا بوو. چەندین دەزگای راگەیاندن و ئاژانسی بیانی وێنەیان بڵاوکردەوە تێیدا ئۆتۆمبێلەکان، لەنێویاندا ئۆتۆمبێلی سەربازی، لە رێوڕەسمی پێنجشەممەی رابردووی بەغدا بەسەر ئاڵای ئەمریکا و ئیسرائیلدا دەڕۆن، ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ کشانەوەی کۆتا سەربازانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
بزووتنەوەی نوجەبا لەنێوان ئەو 5 گرووپە چەکدارەدایە کە تا ئێستا بە پرۆژەی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە وەڵام نادەنەوە. لەکاتێکدا 3 گرووپ بە ناوەکانی "سەرایا سەلام" بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر، "عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتائیبی ئیمام عەلی" بە سەرۆکایەتی شبڵ زەیدی وەڵامی پرۆژەکەی حکوومەتیان دایەوە و چەکی قورسیان رادەست کرد، بەڵام 5 گروپی دیکە خۆیان بەدوور گرتووە کە بریتین لە "بزووتنەوەی نوجەبا، کەتائیبی سەید شوهەدا، کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق، سەرایا ئەولیائودەم و ئەسحابولکەهف".