سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا بەهۆی شکستی پڕۆژەیاساکانی، داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات
سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا رایگەیاند، داوا دەکات هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان لە 29ـی تشرینی دووەم بەڕێوە بچێت. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت پەرلەمانی ئیسپانیا هەینی رابردوو، ئەو رێکارانەی حکوومەتی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون رەت کردەوە.
ئەمرۆ دووشەممە، 5می تسرینی یەکەمی 2026، پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، کە سەرۆکی پارتی سۆسیالیستە، لە گوتارێکدا لە کۆشکی مۆنکلوا گوتی: "بۆ بەدیهێنانی ئەو چاکسازییە ریشەییانەی پێویستمانن و ئێستا پەککەوتوون، دەبێت وزەکانمان کۆ بکەینەوە و زۆرینەیەکی گەورەتری پێشکەوتوو بەدەست بهێنین".
سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا روونیکردەوە، بەدەستهێنانی ئەو زۆرینەیە دەرفەتیان پێ دەدات بڕیار بەسەر نوخبەکاندا بسەپێنن، دەستکەوتی کۆمەڵایەتیی نوێ بەدەست بهێنن و پرۆسەی گۆڕانکاری لە ئیسپانیا درێژە پێ بدەن.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سانچێز ئاشکرایکرد، "بڕیارم داوە هەر لەم بەیانییەوە بانگهێشتی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیران بکەم، بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی هەردوو ئەنجوومەنی پەرلەمان و دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی، کە یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەم بەڕێوە دەچێت".
رەتکردنەوەی دوو پڕۆژەیاسای حکوومەت لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون، گورزێکی گەورە بوو بۆ سانچێز. ئەم دۆخە گومانی لەبارەی توانای بەردەوامبوونی حکوومەتەکەی دروست کردووە، کە زۆرینەی پەرلەمانی نییە و مۆڵەتی یاسایی حکوومەتەکە تا ناوەڕاستی ساڵی 2027 دیاریکرابوو.