ھاوپەیمانی ھەڵوێستی خۆی لەسەر بەرھەم ساڵح رادەگەیەنێت

سەركردەكانی ھاوپەیمانی روونكردنەوە دەدەن

K24 - سلێمانی

دوای ئەوەی یەكێتی بەرھەم ساڵحی وەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دیاركرد، ئەمڕۆ ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری ھەڵوێستی خۆی بە فەرمی رادەگەیەنێت.

پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "بڕیارە كاتژمێر 4ی ئێوارەی ئەمڕۆ، ھەر یەك لە محەمەد رەئوف و ئارام قادر، سەركردەكانی ھاوپەیمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ھەڵوێستی خۆیان رابگەیەنن".

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی بە كۆی دەنگ بڕیاردرا بەرھەم ساڵح، ببێت بە كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.

پێشتر دەنگۆی ئەوە ھەبوو كە مەلا بەختیار بەھێزترین كەسە بۆ ئەوەی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دیاریی بكات، بەڵام ئەمڕۆ پێش تەواوبوونی كۆبوونەوەكە و بڕیاردان لەسەر بەرھەم ساڵح بۆ ئەو پۆستە، مەلا بەختیار و ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی حزبەكەیان جێھێشت.

ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بە سەرۆكایەتی بەرھەم ساڵح، لە 12ی ئایاری ئەمساڵ بەشداری لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كرد و 2 كورسی پەرلەمانی بە دەستھێان. بە گوێرەی زانیارییەكان دوای گەڕانەوەی بەرھەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی، محەمەد رەئوف و ئارام قادر، ھاوپەیمانی بەڕێوە دەبەن.