کاروانی سێیەمی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێ کانی دەستیپێکرد

کۆمیتەی کۆچبەران لە پارێزگای حەسەکە، کاروانی سێیەمی گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی کامپی واشوکانی راگەیاند و تێیدا 516 خێزانی ئاوارەی سەرێ کانی گەڕێنرانەوە شوێنی خۆیان، پرۆسەکەش تا گەڕانەوەی تەواوی کۆچبەران بەردەوام دەبێت.

سیامەند، جێگری فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی گشتی کۆمیتەی کۆچبەران لە پارێزگای حەسەکە، بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەمڕۆ 516 خێزانی ئاوارەی سەرێ کانی دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان. روونیشی کردەوە، نزیکەی 75 گوند هەن کە بە تەواوی چۆڵ کراون و نزیکەی 2000 خێزانیان تێدا نیشتەجێ دەبنەوە.

ئاماژەی بەوەش دا، پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بە چوار قۆناخ جێبەجێ دەکرێت و لە هەر قۆناخێکدا 500 خێزان دەگەڕێندرێنەوە، دواتریش دەست بە چۆڵکردنی شارەکان دەکەن، چونکە ئاوارەکانی حەسەکە لە سەرێ کانی لە ماڵی خەڵکیدان و پاش چۆڵکردنی ئەم ماڵانە، خەڵکی رەسەنی شارەکە دەتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

جێگری فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی گشتی باسی لەوەش کرد،  داوایان لە هێزەکانی ئاسایشی سەرێ کانی کردووە  لەگەڵیاندا هاوکاربن بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆچبەران تا ئەو کاتەی دەگەنە گوندەکانی خۆیان و لەوێش رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنیان دەگیرێتە بەر.

هەروەها روونی کردەوە، هیچ کێشەیەک لە پرۆسەکەدا نییە، بەڵام هەندێک لە ئاوارەکان نایانەوێت بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و بەهانە بە هۆکاری ئەمنی دەهێننەوە. ئاشکراشی کرد کە بابەتی کۆچبەرانی سەرێ کانی بابەتێکی ئەمنییە و شاری سەرێ کانی وەک شارەکانی دیکە نییە، بەڵکو رێژەیەکی زۆر مینی تێدا چێندراوە.

لەکۆتاییدا رایگەیاند، رێکخراوەکان و هێزە ئەمنییە سەربازییەکان لە رێگەی حکوومەتەوە دەستیان بە کار و خەباتی خۆیان کردووە و داواکارین هەرچی زووە ناوچەکە لە مین پاک بکرێتەوە تاوەکو هیچ زیانێک بەر هاووڵاتییان نەکەوێت.

ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکان بەهۆی مەترسیی بڵاوبوونەوەی سەدان مین و کەرەستەی تەقەمەنی لە گوندەکانیاندا، ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنی ئاسایی خۆیان. بڕیار وایە رۆژی شەممە بەشێکی دیکەی ئاوارەکان بگەڕێندرێنەوە. کاروانی ئەمڕۆ کاروانی سێیەم بوو و پرۆسەی گەڕاندنەوەی کاروانەکان بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی تێکڕای دۆسیەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بە تەواوی کۆتایی پێدێت.