سهرۆك بارزانى: بە گوێرهى سیاسەتی رۆژ هەڵوێست ناگۆڕین
سەرۆک بارزانی لەگەڵ کادیرانی لقەکانی سنووری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارێزگای هەولێر کۆبوويهوە
K24 – ههولێر:
سەرۆک بارزانی لەگەڵ کادیرانی لقەکانی سنووری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارێزگای هەولێر کۆبوويهوە و رايگهياند، به گوێرهى سياسهتى رۆژ ههڵوێست ناگۆڕين و پاشهكشێ له ئامانجه ستراتيژييهكانمان ناكهين.
سەرۆک بارزانی ئامۆژگاریی کادیرانی پارتی كرد، کە نابێ وەڵامی تەشهیر و بێڕێزییەکانی هیچ لایەک بدەنەوە و کاتێک لە شوێنی دیکە وێنەی کاندیداکانی پارتی دەدڕێنن، ئێوە کە دەبینن وێنەی کاندیداکانیان کەوتووهتە سەر زەوی، وێنەکانیان راست بکەنەوە.
ئەو وتانەی سەرۆک بارزانی لە دیدارێکدا هات کە ئهمڕۆ پێنجشەممە 20ـی ئەیلوولـی2018 لەگەڵ کادیرانی لقەکانی سنووری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارێزگای هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڕێوەچوو.
لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی رۆڵی کادیرانی پارتی کرد کە بە خۆڕاگری و بڕوابەخۆبوونەوە لەکاتی تەنگانەدا لەسەنگەری پاراستنی کوردستاندان.
هەر لەوکۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە شەڕی تیرۆریستان و شەڕی بەرگری لە كەرامەت و خاكی نیشتیمان و رایگەیاند، ئێمە هەموومان قەرزاری پێشمەرگەین، چونكە تەنیا پێشمەرگە بوو كە هەموو هاوكێشەكانی گۆڕی و كوردستانی پاراست.
سەرۆک بارزانی لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا رایگەیاند، ئێمە بەردەوام باوەڕمان وابووە کە تا لەگەڵ عێراق بین پێویستە باشترین پەیوەندیمان هەبێت و هەمیشە ئاشتی و گفتوگۆ بژاردەی ئێمە بووە، بەر لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆمیش چەندینجار رامانگەیاند، کە دەمانەوێ بە گفتوگۆ کێشەکانی نێوانمان چارەسەر بکەین و دوای ریفراندۆم دەست بە گفتوگۆیەکی جیدی بکەین، کەچی بەداخەوە ئەوان دەرگای گفتوگۆیان داخست و زوڵمیان لە گەلی ئێمە کرد و ئێستاش پەشیمانن.
سەرۆک بارزانی رایگەیاند، گەلی ئێمە بە ئەنجامدانی ریفراندۆم، رای خۆی بە هەموو دنیا راگەیاند کە ئەوە خواستەکەیەتی و بەوەش هیچ تاوانێکی ئەنجام نەدابوو تا بەوشێوەیە سزا بدرێت، ئەوە ئیرادەی گەلی ئێمەیە و چەسپاوە.
هەروەها لەسەر دۆخی سیاسیی کوردستان و عێراق و هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری ئەمساڵ بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆک بارزانی رایگەیاند، کە ئەگەرچی ناحەزان پێیان وابوو پارتی دیموكراتی كوردستان بەهۆی پشتیوانیی تەواوی بۆ ریفراندۆم کەوتووهتە ژێر گوشاری جۆراوجۆری ئابووری و سیاسی و تووشی شکست دەبێت، بەڵام بەهیممەتی کادیران و ئەندام و لایەنگرانی پارتی و جەماوەری گەلەکەمان، پارتی توانی دەنگی یەكەم لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقدا مسۆگەر بكات و ببێتە حزبی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق.
سەرۆک بارزانی راشیگەیاند، کە دەسەڵاتدارانی بەغدا هەوڵیان دا کێشەی نێوان هەرێم و حکوومەتی عێراق بگوازنەوە ناو خەڵک تا ببێتە کێشەی نەتەوەکان، بەڵام خۆشبەختانە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری رابردوو ئەوەی دەرخست کە خەڵکی عێراق لەگەڵ ئەوان نین و باوەڕیان بە چەواشەکارییەکانی ئەوان نەکردووە و ئەو دەموچاوانەیان سزا دا کە گەلی کوردستانیان ئازار داوە.
سەبارەت بە دانوستانەکانی ئێستای نێوان لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە زۆربەی لایەنەکانی بەغدا پێیان باشە ئەنجوومەنێكی باڵای سیاسهتی ستراتیژی دابمەزرێت كە بڕیارە ستراتیژییەكان لەو ئەنجوومەنەوە دەربچن و لایەنی كوردستانیش تێیدا بەشدار بێت، ئێمەش ئەو پێشنیازەمان بەلاوە پەسندە، چونکە دەبێتە گرێنتییەک بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکانی عێراق و ڕێگەگرتن لە بڕیاری تاکڕەوانە.
سەرۆک بارزانی جارێکی دیکە جەختی کردەوە کە پێویستە حکوومەتی عێراق لەسەر سێ پرەنسیپی سەرەکی دابمەزرێت: شەراکەتی راستەقینە لە بڕیارەکان، کە بەبوونی ئەنجوومەنی باڵای سیاساتی ستراتیژی گرێنتی دەکرێت، پابەندبوون بە تەوافق لە دەرچوونی یاساکان و ڕاگرتنی هاوسەنگیی لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەت لەنێوان پێکهاتەکاندا.
لەبارەی هەڵبژاردنی کوردستانیشەوە سەرۆک بارزانی رایگەیاند، پشتیوان بە گەلەکەمان، پارتی سەرکەوتنی گەورە وەدەست دەهێنێت و بەو سەرکەوتنەش حکوومەتێکی بەهێز و تۆکمە دێتەکایەوە کە بتوانێ چاکسازیی ریشەیی لە هەموو بوارەكانی ژیانی سیاسی و ئابووری و ئیداریی هەرێمی كوردستان بكات. هانی کادیرانیشی پارتیشی دا کە پابەندی یاسا بن و بە ئارامترین شێوە بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوە ببەن و وەڵامی تەشهیر و بێ ڕێزییەکان نەدەنەوە و کاتێک لە شوێنی دیکە وێنەی کاندیداکانی پارتی دەدڕێنن، ئێوە کە دەبینن وێنەی کاندیداکانیان کەوتۆتە سەر زەوی، وێنەکانیان ڕاست بکەنەوە.
سەرۆک بارزانی جەختیی کردەوە کە پارتی خاوەن ئامانجێکی ستراتیژییە و بە گوێرهى سیاسەتی ڕۆژ هەڵوێست ناگۆڕین و هیچ پاشەکشەیەکیش لەو ئامانجە ستراتیژییە ناکەین. هەر کەس و لایەنێکیش ئامانجی ستراتیژی هەبێت دەبێ ئامادە بێت گیانی خۆی لەپێناویدا بەخت بکات، بۆیە پارتی هەمیشە لەپێناو پاراستن و بەختەوەریی گەلەکەماندا خۆی بەخت دەکات.