قەشقاوی: ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکایە

گوتەبێژی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت: ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکایە و تا حەوت مەرجەکەی کۆماری ئیسلامی جێبەجێ نەکرێن، گەرووی هورمز ناکرێتەوە.

حەسەن قەشقاوی گوتەبێژی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی ئێران بە ئاژانسی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسدارانی راگەیاندووە، پرسی کردنەوەی گەرووی هورمز، ئێستاش یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکانی دانوستان و دەستپێشخەرییەکان ناوچەکە، هەر وەک چۆن ئێستا و پێشتریش بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنامەی ئیسلامئاباد جەختیان کردووە، دەبێت لایەنی بەرامبەر پابەندی جێبەجێکردنی حەوت مەرجەکەی ئێران بێت، ئەگەرنا ئەم گەرووە بە داخراوی دەمێنێتەوە.

قەشقاوی دەڵێت: ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکایە و ئاخۆ پابەندی ئەو یاداشتنامەیەی لێکتێگەیشتن دەبێت کە لەنێوان هەردوو سەرۆک واژۆکراوە یان نە، بۆیە تا جێبەجێ نەکردنی مەرجەکان ئێران، گەرووی هورمز ناکرێتەوە.

ئەم قسانەی گوتەبێژەکەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی ئێران لە کاتێکدایە، کۆمپانیای کیپلەر کە چاودێری بازرگانی نەوت لە دەریاکاندا دەکات، لەبارەی هەناردەی نەوت لە گەرووی هورمز پێش دەستپێکردنی جەنگ و ئێستا بڵاوکردووەتەوە، بە گوێرەی ئامارەکانی ئەو کۆمپانیایە، هەناردەی نەوتی خاو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چوار رۆژی کۆتایی ئەیلوولدا گەیشتووەتە ئاستێکی زیاتر لە پێش دەسپێکردنی جەنگ و روونیکردووەتەوە، هەناردەی نەوت لە 27 تا 29ـی ئەیلوولی ئەمساڵ لە 19.5 ملیۆن بۆ 22.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا لە ئاداری 2025دا تا شوباتی ئەمساڵ و بەر لەوەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران دەست پێ بکات، تێکڕای هەناردە 18 ملیۆن بەرمیل بووە لە رۆژێکدا.

بەگوێرەی ئامارەکان، تا بەر لە 28ـی شوباتی ئەمساڵ، کە هێرشەکانی سەر ئێران دەست پێ بکەن، رۆژانە نزیکەی 125 کەشتی بازرگانی بە گەرووی هورمز تێپەڕیون، لەنێویاندا کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، گاز و کەلوپەلی دیکە هەبوون، بەمەش نزیکەی 20%ـی هەناردەی نەوت و گازی سروشتی جیهانی پێکدەهێنا.