وەزارەتی ناوخۆ ژنان ئاگادار دەكاتەوە
بەبێ سڵەمینەوە پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان بكەن
K24 - ھەولێر
وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئەو كچ و ژنانە ئاگادار دەكاتەوە كە ھەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ و نامەیان لێكراوە، بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارەكان پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتییەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتانەوە بكەن.
لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت: "ئاگاداری ھەموو ئەو ئافرەتانە دەکەین کە تا ئێستا لەژێر ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ و نامە و ھەروەھا ھەر ئامرازێکی تری رووشاندنی کەسایەتی و ئابڕوبردندان، داوایان لێدەکەین بەبێ سڵەمینەوە پەیوەندی بکەن بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە ھەولێر، سلێمانی، دھۆك، گەرمیان، سۆران و راپەڕین، یاخود نووسینگەکانمان ئاگاداربکەنەوە لەسەر ئاستی قەزاکان".
لە بەشێكی دیكەی ئەو راگەیەندراوە ھاتووە: "ئەو ئافرەتانە دەتوانن پەیوەندی بە بنکەکانی پۆلیسی شار و شارۆچکەکانەوە بکەن لە رێگەی ھێڵی گەرمی تەلەفۆنەکانیانەوە".
لەو راگەیەندراوەدا داوا لە ئافرەتان كراوە: "بە ئاگاییەکی زۆر زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەن، چونکە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئامرازەکانی تەکنەلۆژیا گرەنتی پاراستنی تایبەتمەندی و نھێنییەکانی کەسایەتی ھیچ کەس ناکەن و ھەر وێنەیە و ڤیدیۆ و نامەیەکی دەنگی تا ئەو جێگەیە پارێزراوە کە لە مۆبایل و کۆمپیوتەر و ھەژمارە تایبەتییەکانەوە دەرناچێت و نانێردرێن بۆ کەسانی دیکە".
ھ.م