به‌غدا له‌نێوان پارێزگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان داهات بۆخۆی كۆده‌كاته‌وه
خاڵه گومرگییه‌كان له‌لایه‌ن پۆلیسی فیدراڵه‌وه كۆنترۆڵكراون
K24- هه‌ولێر:
نووسینگه‌ی راكان جبووری، پارێزگاری سه‌پێندراوی كه‌ركووك رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ به فه‌رمانی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیری كاربه‌ڕێكه‌ری عێراق و به‌چاودێری جبووری و پشتیوانی نوێنه‌ری نووسینگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران، سه‌ركردایه‌تی پۆلیسی فیدراڵ و هێزه ئه‌منییه‌كان و ده‌سه‌ڵاتی خاڵه گومرگییه‌كان، دوو خاڵی گومرگی له‌سه‌ر هه‌ردوو رێگه‌ی نێوان پارێزگای كه‌ركووك - هه‌ولێر و كه‌ركووك سلێمانی كرانه‌وه.
له كردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو خاڵه گومرگییه‌كدا كه فه‌رمانده‌كانی حه‌شدی شه‌عبیش ئاماده‌یبوون، عه‌لی حه‌ممادی، نوێنه‌ری نووسینگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و نوێنه‌ری پارێزگاری كه‌ركووك رایگه‌یاند، ئیداره‌ی ئه‌و پارێزگایه ته‌واوی رێككاره‌كانی له‌مباره‌یه‌وه ته‌واو كردووه و سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كانی بۆ سه‌رخستنی كاری ئه‌و دوو خاڵه ده‌سته‌به‌ر كردووه.
لای خۆیه‌وه شاكر كوین، فه‌رمانده‌ی پۆلیسی فیدراڵ دووپاتیكرده‌وه، "له 16ی مانگی رابردووه‌وه ئه‌و دوو خاڵه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پۆلیسه‌وه پاسه‌وانی كراون و ئێستاش له‌ژێر كۆنترۆڵی ئه‌وانه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "پیداویستییه‌كانی ئه‌و دوو خاڵه گۆمرگییه له‌ڕێگه‌ی ئیداره‌ی كه‌ركووكه‌وه ده‌سته‌به‌ر دكرێن و داهاتێكی باشی بۆ ده‌وڵه‌ت ده‌بێت".
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مرۆ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گومرگ له شاری كه‌ركووك رایگه‌یاندبوو، "ئه‌مڕۆ دوو خاڵی گومرگی له‌سه‌ر هه‌ردوو رێگه‌ی نێوان كه‌ركووك - هه‌ولێر و كه‌ركووك - سلێمانی ده‌كرێنه‌وه و ئامانج لێی كۆنترۆڵكردنی كاڵا و ده‌سته‌به‌ركردنی داهاته بۆ ده‌وڵه‌ت".
H.B