داوای دادگاییكردنی پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك دەكرێت
"پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك كێشە دەخاتە نێوان پێكھاتەكان"
K24 - كەركووك
لە راگەیەندراوێكدا بزووتنەوەی مافی کورد لە كەركووك دانیشتوانی شارەكە ئاگادار دەكاتەوە كە پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك "بە بیروباوەڕی شۆڤینیانە و نەتەوەپەرستانە کار دەکات، لەدوای 16ی ئۆکتۆبەری بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بووە کێشە بۆ جوتیارە کوردوتورکمانەکانی دەوروبەری کەرکووك بنێتەوە".
لەو راگەیەندراوەدا بزووتنەوەی مافی کورد رایدەگەیەنێت: "سەرەڕای ئەوەی کە حکوومەتی عێراق لەوپەڕی قەیران و بارودۆخێکی شلۆقدایە کەچی پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت بە هەمان بیروباوەڕی شۆڤینیانە و نەتەوەپەرستانە کار دەکات کە، پارێزگاری کەرکووک لەدوای 16ی ئوکتۆبەری ساڵی پارەوە بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدا بووە کێشە بۆ جوتیارە کوردوتورکمانەکانی دەوروبەری کەرکووک بنێتەوە، ئەویش بەسوود وەرگرتن لە بڕیارەکان و ئەو گرێبەستانەی بۆ زەوی وزارە کشتوکاڵییەکان لەسەردەمی رژێمی پێشوودا دراون".
وەك لەو راگەیەندراوە ئاماژەی پێدراوە: "لە چەند رۆژی رابردوودا و لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك رایگەیاندووە کە بە گوێرەی ئەو نووسراوەیەی لەبەغداوە هاتووە دەبێ پۆستە ئیدارییەکان بە رێژەی 32 بە 32 دابەش بکرێت، لەکاتێکدا ئەو نووسراوەیە بەهیچ جۆرێک ئاماژە بەم رێژەیە ناکات، لەهەمان کاتدا ئەم هەنگاوەی پارێزگاری کەرکووك پێچەوانەی سەرجەم ئەو یاساو دەستوورەیە کە عێراق کاری پێدەکات بەناوی حکوومەتی بەغدادەوە قسەدەکات کە لە راستیدا وانیە".
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكە ھاتووە: "هەنگاوەکانی پارێزگاری کەرکووك بەهیچ شێوەیەك لە قازانجی هیچ نەتەوەو پێکهاتەیەکی ئەم شارە نییە، بە پێچەوانەوە ئەبێتە هۆی نانەوەی دووبەرەکی و پشێوی و چاندنی رق و کینە و سوود گەیاندن بە ئەجندای ئەو وڵات و لایەنانەی کە بەژەوەندیان لە نائارامی شارەکە و ناکۆکی نێوان پێکهاتەکاندایە".
بزووتنەوەی مافی کورد راشیدەگەیەنێت: "ئێمە لای خۆمانەوە داوا لە هاووڵاتیانی كەركووك دەکەین کە بەهیچ جۆرێک بەم بڕیارانەی پارێزگاری کەرکووک فریو نەخۆن و فشار دروست بکەن بۆ ئەوەی ئەم پارێزگارە دادگایی بکرێت".
ھ.م