وێنە.. رۆژنامەکانی کەتەلۆنیا رەتیدەکەنەوە مۆدریچ باشترین یاریزانی 2018 بێت و هێشتا مێسییان پێ باشترینە
بەبێ هیچ گفتوگۆیەک هەر مێسی باشترینە!
گەرچی لۆکا مۆدریچ خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهانی بەدەستهێنا، بەڵام رۆژنامەکانی کەتەلۆنیا هێشتا پێیانوایە هەر مێسی باشترینی جیهانە.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی لە ژمارەی ئەمڕۆ سێشەممەیدا لە رووپەڕی رۆژنامەکانی لەسەر وێنەی لۆکا مۆدریچ نووسیویەتی 'تەنیا مێسی باشترین یاریزانی جیهانە و تەواو'. رۆژنامەکە نکۆڵی لەوە کردووە مۆدریچ باشترین جیهان بێت، لە بەشێکی دیکەی مانشێتەکەی نووسیویەتی 'مۆدریچ باشترینە؟ نەخێر مێسی باشترینی جیهانە و نوقتە سەری دێر'.
رۆژنامەی سپۆرت لێدوانی چەند یاریزانێک و راهێنەرانی داناوە، دانی ئالڤێس دەڵێت 'دادپەروەرانە نییە مێسی بە باشترین یاریزانی جیهان دەستنیشان نەکرا'، ئۆنای ئێمری دەڵێت 'هەموومان دەزانین مێسی باشترین یاریزانە'، ماوریسیۆ پۆچێتینهۆ دەڵێت 'بە لای منەوە مێسی یاریزنای ژمارە یەکە، ئەو دیاریی تۆپی پێیە'، هەروەها ساموێل ئیتۆش دەڵێت 'ئەوان کەسێکیان دەستنیشان کرد کاری باشی کردووە، بەڵام مێسی باشترین یاریزانی جیهانە'.

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنیش کە ئەو رۆژنامەیەش لە شاری بارسێلۆنا دەردەچێت و لایەنگیری بارسا دەکات، لە رووپەڕی ئەمڕۆی نووسیویەتی 'مۆدریچ بەبێ ئامادەبوونی باشترینەکە بە باشترین یاریزانی جیهان دەستنیشانکرا' ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ لیۆنێل مێسی کە ئامادەی مەراسیمەکەی لەندەن نەبوو، ناوی لە یستی سێ بەربژێرەکەی خەڵاتی زە بێستیش نەبوو.

لیۆنێل میسی دوای 10 ساڵ بۆیەکەمجار ئەمساڵ ناوی لە لیستی سێ بەربژێری کۆتایی خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهاندا نەبوو، بەڵکو بەگوێرەی ئەنجامی دەنگەکان پلەی پێنجەمی خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهانی بەدەستهێنا و %9,81ی دەنگەکانی بردەوە، بۆیەکەمجار دوای 10 ساڵ لۆکا مۆدریچ کۆتایی بە قۆرخکارییەکانی مێسی و کریستیانۆ هێنا و خەڵاتەکەی لە چنگی ئەو دوو ئەستێرەیە دەرهێنا.
مێسی لە 2018 لەگەڵ بارسێلۆنا بووە پاڵەوانی لالیگا و جامی شای ئیسپانیا و جامی سوپەری ئیسپانیا، خەڵاتی پێڵاوی زێڕینیشی لەسەر ئاستی ئەوروپا بەدەستهێنا و بە تۆمارکردنی 34 گۆڵ بووە گۆڵکاری لالیگا، بەڵام لیۆ لە مۆندیالی 2018 لەگەڵ ئارجێنتینا لە قۆناخی 16 وە ماڵئاواییان کرد.
