مۆدریچ دوای 10 ساڵ کۆتایی بە سەردەمی 'قۆرخکاری' مێسی و کریستیانۆ هێنا
مێسی و کریستیانۆ بۆ باشترین یاریزانی 2018 دەنگیان بە مۆدریچ داوە
دوێنێ شەو یەکەم چرکەساتی کۆتایی هاتنی قۆرخکارییەکانی لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ بوو، دوای 10 ساڵ چاوەڕوانی بۆیەکەمجار لەبری کریستیانۆ و مێسی یاریزانێکی دیکە هاتە سەر سەکۆی خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان، ئەویش لۆکا مۆدریچ بوو.
لەوەتەی 2008وە هەموو ساڵێک مێسی و کریستیانۆ خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهانیان لە نێوان یەکتری دەستا و دەست دەکرد، بەڵام دوای ساڵانێکی زۆر لۆکا مۆدریچ خاڵێکی لە کۆتایی ئەو چیرۆکە دانا، بەبێ ئامادەبوونی کریستیانۆ و مێسی لە لەندەن خەڵاتی زە بێستی لەلایەن جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی فیفا پێدرا، بەڵام نازانرێت لە ساڵانی داهاتوو چیرۆکی خۆشەویستی خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان لەگەڵ کریستیانۆ و مێسی دەستپێدەکاتەوە یان نا.
مۆدریچ لە دەنگدانی باشترین یاریزانی2018 لەلایەن کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسییەوە دەنگی پێدرا، دەنگی دووەمی کریستیانۆ لە دوای رافایل ڤاران بۆ مۆدریچ بووە، مێسیش لە کۆی ئەو سێ کەسەی بۆ باشترینەکانی 2018 دەنگی پێداون، مۆدریچی بە باشترین یاریزانی جیهان دەستنیشانکردووە و دەنگی یەکەمی خۆی پێداوە، کەچی مۆدریچ هەر دەنگی بە لیۆ نەداوە.
مۆدریچ بە پشتبەستن بەو ئاستەی لە مۆندیالی 2018 لەگەڵ کڕواتیا پێشکەشیکرد توانی دوای ریکاردۆ کاکا خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان لە چنگی مێسی و کریستیانۆ بهێنێتە دەرەوە،
لەسەر ئاستی یاریزانەکان سێرخیۆ رامۆس، ئێدین هازارد، هێنریک مخیتاریان دەنگی یەکەمی خۆیان بە مۆدریچ داوە، لەسەر ئاستی راهێنەرانیش گاری ساوزگەیت، رۆبێرت لیڤاندۆڤیسکی، یواخیم لۆف، رایان گیگز مۆدریچیان وەکو باشترین یاریزانی جیهان دەستنیشان کردووە.
.jpg)