ڤیدیۆ.. مۆرینهۆ رەتیدەکاتەوە تەوقە لەگەڵ پۆگبا بکات و دەبێتە دەمەقاڵیان

مۆرینهۆ: چیدیکە پۆگبا کاپتنی دووەمی مانچێستەر یونایتد نابێت

پەیوەندیی نێوان خۆزێ مۆرینهۆ و پۆل پۆگبا بە تەواوەتی ئاڵۆز بووە و لە دوایین راهێنانی مانچێستەر یونایتددا مۆرینهۆ ئامادە نەبوو تەوقە لەگەڵ پۆگبادا بکات بڕیاریشی دا چیدیکە پۆگبا کاپتنی دووەمی یانەکەی نەبێت، بە گوێرەی سەرچاوەی رۆژنامەکانی بەریتانیا ئەم هەڵسوکەوتانەی مۆرینهۆ بوونەتە هۆی ئەوەی پۆگبا داوا بکات رێگای پێبدەن یانەکە بەجێبهێڵێت.

رۆژ بە رۆژ پەیوەندیی نێوان پۆل پۆگبا و خۆزێ مۆرینهۆ ئاڵۆزتر دەبێت، ئەو ناوەڕاستکارە و بەڕێوەبەرە هونەرییەی مانچێستەر یونایتد لەسەر ململانێکردنی یەکتری بەردەوامن، کار گەیشتووەتە ئەو رادەیەی میدیاکانی بەریتانیا بڵێن ئەگەر مان یونایتد یەکێک لەم دووانە بەڕێ نەکات ئەنجامەکانی لە ئێستا باشتر نابن.
پێش دەستپێکردنی یارییەکانی ئەم وەرزە میدیاکانی بەریتانیا دەنگۆی هەبوونی کێشەیان لە نێوان پۆگبا و مۆرینهۆ بڵاوکردەوە، بەڵام ئێستا بە روونی هەست بە ئاڵۆزی پەیوەندیی نێوانیان دەکرێت، بە تایبەتی دوای ئەوەی خۆزێ مۆرینهۆ بڕیاری دا شارەی کاپتنی یانەکەی لە ناوەڕاستکارە فڕەنسییەکە بسەنێتەوە، لە کاتێکدا لە سەرەتای ئەم وەرزە دوای ئانتۆنیۆ ڤاڵێنسیا سەرکردایەتی شەیتانە سوورەکانی دەکرد، بەڵام خۆزێ بڕیاری دا چیدیکە پۆگبا کاپتنی دووەمی یانەکەشی نەبێت.
دوای یاریی نەکردنی پۆگبا لە یاریی بەرامبەر دێربی کاونتی کە ئەو ناوەڕاستکارە فڕەنسییە لە پەیژەکانی یاریگەوە سەیری یاریی یارییەکەی دەکرد، ڤیدیۆی دەمەقاڵی نێوان مۆرینهۆ و پۆگبا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، مۆرینهۆ رەتیدەکاتەوە تەوقە لەگەڵ پۆگبا بکات، ئیتر بەمانە پەردە لەسەر هەموو ناکۆکییەکانی ئەو دوو پیاوە هەڵدرایەوە.
بە گوێرەی سەرچاوەکانی رۆژنامە بەریتانییەکان پۆگبا داوای لە مۆرینهۆ کردووە رێگای پێبدەن لە مانچێستەر یونایتد بڕوات، تەنانەت پیشتریش داوای لە ئێد ودواردی جێگری سەرۆکی یانەکەی کردبوو رازی بن مان یونایتد بەجێبهێڵێت، کە هاوینی رابردوو یۆڤێنتۆس و بارسێلۆنا بۆ گواستنەوەی ناوەڕاستکارەکەی مان یو لەسەر هێڵ بوون.