ترەمپ بۆ کوردستان24: لەگەڵ کوردەکان رێکین و یارمەتییان دەدەین

ترەمپ بەرپرسی نووسینگەی کوردستان24 بە "مستەر کورد" ناودەبات

K24- واشنتن:

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە وەڵامی پرسیارێکی کوردستان24 ستایشی رۆڵ  و قوربانییەکانی گەلی کوردی لە جەنگی دژ بە تیرۆردا کرد و رایگەیاند: "دەبێت ئێمە یارمەتییان بدەین، ئەوان خەڵکانێکی مەزنن".

رەحیم رەشیدی، بەرپرسی نووسینگەی کوردستان24 لە واشنتن، کە سەرۆکی ئەمەریکا بە "مستەرکورد" ناویدەبات لە کۆنفراسێکی رۆژنامەنووسیدا لە دۆناڵد ترەمپ دەپرسێت، ئایا پەیوەندی ئەمەریکا و کورد لە دوای جەنگی داعش چۆن دەبێت؟

لە وەڵامدا ترەمپ گووتی: "ئێمە هەوڵدەدەین لەگەڵ کوردەکان رێکبین، وە ئێمە لەگەڵ کوردەکان رێکین و دەشمانەوێت یارمەتی زۆریان بدەین".

سەرۆکی ئەمەریکا گووتیشی: "لەبیری مەکەن، ئەوان خاکی خۆیانە، ئێمە دەبێت یارمەتییان بدەین، من دەمەوێت یارمەتییان بدەم. ئەوان لەگەڵ ئێمە جەنگاون و لەگەڵ ئێمە مردوون. بە دەیان هەزار کورد لە جەنگی دژ بە داعش بوونەتە قوربانی. ئەوان بۆ ئێمە و لەگەڵ ئێمە مردوون، وە پاشان بۆ خۆشیان مردوون".

ترەمپ لە باسی رۆڵ  و قوربانییەکانی کوردا، هەستی خۆی بۆ رەحیم رەشیدی ناشێرێتەوە و دەڵێت: "کوردەکان خەڵکانێکی مەزنن، وە ئێمە لەبیرمان نەکردوون و لە بیریان ناکەین. من لە بیریان ناکەم چونکە ئەوان گەلێکی مەزنن".

H.J