زیندوبونەوەی منداڵێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان پزیشکان دووچاری سەرسوڕمان دەکات

منداڵەکە لە راپۆرتی پزیشکی بە "مردوو" لەقەڵەم دراوە

K24- هه‌ولێر:

"زیندوبونەوەی" منداڵێک لە  دوای "مردنی" لە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، پزیشکان و دایک و باوکی منداڵەکە دووچاری سەرسوڕمان دەکەن.

بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی سپۆتنیکی رووسی، لە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوای ئەوەی پزیشکان پشکنینی تەواو بۆ منداڵێکی تەمەن شەش مانگ دەکەن، بۆیان دەردەکەوێت منداڵەکە گیانی لەدەستداوە و هیچ ئاماژەیەک بۆ زیندوویی ئەو منداڵە نادۆزنەوە.

پاشان پزیشکان بڕیاردەدەن منداڵەکە رەوانەی پزیشکی داد بکەن و کارە یاساییەکانی بۆ تەواودەکرێت. وەک نەریتێکی موسوڵمانان، دەبێت کەسی مردوو، پێش ناشتنی بشۆرێت، بۆیە منداڵەکە دەبنە لای مردوو شۆر و لاشەکەی دەشۆن. زۆرنابا، دایک و باوکەکە دەزانن کە منداڵەکە زیندووە.

ئەمیر عەباس  عابێدینی، سەرۆکی خزمەتگوازی ناشتن لە شاری ورمێ، لەبارەی رووداوەکە دەڵێت: "کاتێک دایک و باوکەکە زانیان منداڵەکە زیندووە، زۆر دڵخۆشبوون و هەمووگیانیان دەلەرزی".

دایک و باوکی ئەو منداڵە و پزیشکان، هیچ هۆکارێکیان بۆ "زیندوبونەوەی" ئەو منداڵە لانییە و تەنها بە "موعجیزە" ناوی دەبەن.

H.j