یوێفا بەفەرمی لەبارەی کارتە سوورەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بڕیاری خۆی دا
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەرامبەر مانچێستەر یونایتد یاریی دەکات
یوێفا بەفەرمی بڕیاری خۆی لەبارەی کارتە سوورەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە چامپیۆنزلیگ دا و ماوەی سزایەکەی دیاریکرد.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بەفەرمی بڕیاری دا تەنیا بۆ یەک یاریی کریستیانۆ رۆناڵدۆ سڕ بکات، بەهۆی ئەو کارتە سوورەی لە یاریی بەرامبەر ڤاڵێنسیا لە گەڕی یەکەمی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ بەڕوویدا بەرزکرایەوە، بەمەش کریستیانۆ لە یاریی داهاتووی یۆڤێنتۆس بەرامبەر یەنگ بۆیزی سویسڕی یاریی ناکات، بەڵام بۆ یاریی دواتر بەرامبەر مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی ئامادە دەبێت، بەمەش دەتوانێت بگەڕێتەوە یاریگەی ئۆڵدترافۆرد و لەو یاریگەیە دژی یانەی پێشووتری خۆی یاریی دەکات.
بەهۆی ئەو هەڵسوکەوتەی لە یاریی بەرامبەر ڤاڵێنسیا نواندی، کریستیانۆ لەلایەن فێلیکس بریشی ناوبژیونی ئەڵمانییەوە بە کارتی سوور کرایە دەرەوە و یوێفا بڕیاری دا لێکۆڵینەوە لەو رووداوە بکات، تەنانەت پێشتر گومان دەکرا کریستیانۆ بۆ دوو یاریی یان زیاتر سڕ بکرێت.