بریاری وێنه‌گرتنی ده‌نگده‌ران هه‌ڵوه‌شایه‌وه
مافی ده‌نگدان به‌نهێنی ده‌مێنته‌وه و پارێزراو ده‌بێت
K24 - هه‌ولێر:
كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی كوردستان، بڕیاری وێنه‌گرتنی ده‌نگده‌رانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی كۆمیسیۆنی باڵا، ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیران له كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی ژماره (54)دا، كه ئه‌مڕۆ 27ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ر ئه‌نجامیداوه، به زۆرینه‌ی ده‌نگ بڕیاریدا بڕگه‌ی تایبه‌ت به رێكاری وێنه‌گرتنی ده‌نگده‌ران له كاتی ده‌نگدان، هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان، كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتووه، بڕیاری وێنه‌گرتنی ده‌نگده‌ران، رووبه‌رووی ڕه‌خنه و ناڕه‌زایی بووه‌وه له‌ناو هاووڵاتییان و چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه و هه‌ر له‌و "سۆنگه‌وه‌ش وه‌ك هه‌ستكردن به به‌رپرسیارێتی پیشه‌یی و له روانگه‌ی پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ و به‌پشت به‌ستن به بنه‌ماو ده‌قه یاساییه‌كان"، ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ داوای له كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و راپرسی كرد كه ئه‌و بریاره هه‌ڵوه‌شێنته‌وه.
ئاماژه به‌وه‌شكراوه، ده‌سته‌كه ئه‌و بڕیاره‌یان به نایاسایی و پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ له‌قه‌ڵه‌مداوه، بۆ هه‌مان مه‌به‌ستیش رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی ناڕه‌زایی خۆیان ده‌ربڕی و داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌یان كرد . بۆیه به‌و هه‌وڵانه‌و دوای په‌یامه‌كه‌ی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ، كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و راپرسی به ژماژه 54 له 27/9 بریاری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بریاری پێشوی خۆیان دا‌و ڕێگه به وێنه گرتنی ده‌نگده‌ر نادرێت و مافی ده‌نگدان به‌نهێنی ده‌مێنته‌وه‌و ئه‌ومافه‌ش پارێزراو ده‌بێت.
