ئاماری گیان لەدەستدان بەهۆی گرتنی وێنەی سێڵفی بڵاوکرایەوە
هۆکاری مردن و شوێنەکانیان ئاشکرادەکرێن
K24 – ههولێر:
ئەگەرچی گرتنی وێنەی سێڵفی بۆخۆی زیانی نییە، بەڵام رەفتار و سەرکێشییەکانی مرۆڤ بە وێنەی سێڵفییەوە بۆتە هۆی مردنی سەدان کەس.
د. ئاگام بانسال، پسپۆر لە پەیمانگای زانستی پزیشکی لە وڵاتی هیندستان، بەدواداچوونێکی جیهانی بۆ ژمارەی قوربانیانی وێنە سێلفی کردووە و تیایدا جیا لە ئاشکراکردنی ژمارەی قوربانیان، دەشڵێت: "دەبێت خەڵک لەبارەی گرتنی وێنەی سێڵفی رۆشنبیر بکرێت وە گرتنی وێنەی سێڵفی لە هەندێک شوێن قەدەخەبکرێت".
بەگوێرەی ئەو بەدواداچوونە، تاکو ئێستا 259 کەس لە جیهان بەهۆی سەرکێشیکردن بە وێنەی سێڵفی لە نێوان ساڵانی 2011 بۆ 2017 گیانیان لەدەستداوە.
ئاشکراشکراوە، لە کۆی ئەو ژمارەیە، 70 کەسیان خنکاون و کەوتونەتە ناو ئاو، 51 کەس بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێل و 45 کەسیش لە شوێنە بەرزەکان کەوتونەتە خوارەوە.
هەروەها هەشت کەسیان بەهۆی سێڵفی گرتن لەگەڵ ئاژەڵان و 27 دیکەش بەهۆی کارەباگرتن و ئاگرەوە لە کاتی وێنەکانیان گیانیان لەدەستداوە، ژمارەیەکی دیکەش بەهۆی رووداوی جیاوازی پەیوەندیدار بە وێنەی سێڵفی گیانیان لەدەستداوە.
هەر بەگوێرەی ئەو بەدواداچوونە، لە 73% ئەو کەسانەی بەهۆی وێنەی سێڵفی مردوون، لە رەگەزی نێرن.
زۆربەی قوربانییەکان لە وڵاتی هیندستانن بە دوای ئەویشدا وڵاتانی رووسیا، ئەمەریکا و پاکستان دێن.
پەیامی ئەو پڕۆفیسۆرە لە کۆتای بەدواداچوونەکە ئەمەیە، "زۆر گرنگە خۆتت خۆشتر بوێت لە وێنەیەکی سێڵفی".
سەرچاوە: دەیلی مەیل
H.J