زیدان خۆی فێری زمانی ئینگلیزی دەکات بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری مانچێستەر یونایتد
شوێنی خۆزی مۆرینهۆ دەگرێتەوە
زیدان لە بەریتانیایە و خۆی فێری زمانی ئینگلیزی دەکات، بۆ ئەوەی شوێنی خۆزێ مۆرینهۆ بگرێتەوە.
رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی ئاشکرایکردووە، زینەدین زیدان ئێستا لەگەڵ هاوسەرەکەی لە بەریتانیایە و خۆی فێری زمانی ئینگلیزی دەکات، بۆ ئەوەی ئامادەکاریی بکات بۆ وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەری هونەری مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، چونکە رۆژ بە رۆژ خۆزێ مۆرینهۆ بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی لە لەسەرکارلادران نزیک دەبێتەوە.
دوای دۆڕانەکەی دوێنێی مانچێستەر یونایتد لە پرێمەرلیگ (3-1 بە وێستهام یونایتد دۆڕا)، مۆرینهۆ زیاتر پێگەکەی لە یانەکەی کەوتە مەترسییەوە، کەناڵی بی ئین سپۆرتسی قەتەڕی دوای یارییەکە رایگەیاند مان یونایتد لەگەڵ زیدان دەستی بە گفتوگۆکردن کردووە بۆ ئەوەی شوێنی مۆرینهۆ بگرێتەوە، ئالان شیراری ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی ئینگلیزیش پێیوایە بەمزووانە مۆرینهۆ لە پۆستەکەی دوور دەخرێتەوە.
لەوانەیە تاکە بەربەستی لادانی مۆرینهۆ نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بێت، کە بەگوێرەی سەرچاوەی میدیاکانی بەریتانیا نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی مۆرینهۆ لەگەڵ مان یونایتد 26 ملیۆن پاوەندە.
مانچێستەر یونایتد لە حەوت گەڕی دەستپێکی پرێمەرلیگ 3 شکست و بەرامبەربوونێکی هەیە، بەمەش خراپترین ریکۆردی لە مێژووی یانەکەی لە دەستپێکی خۆی لە پرێمەرلیگ هاوتاکردەوە.