هەوڵێکی تەقاندنەوەی شاری مەککە ئاشکرادەکرێت

"جانتای حاجیان پڕبوون لە تەقەمەنی"

K24 – هه‌ولێر:

مەلایەکی خەڵکی ئێران هەوڵێکی بەرپرسانی ئێران لە ساڵی 1986 بۆ ئەنجامدانی تەقینەوەیەک لە شاری مەککە لە رێگای حاجیان ئاشکرادەکات.

بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی عەرەب نیوز، مەلا ئەحمەد مونتەزیری چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ تەلەڤزیۆنی ئێران کردووە و ئاشکرایکردووە، مەهدی هاشمی، بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسداران، لە ژێر رێنمایی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی کارەکەی ئەنجام داوە و دەڵێت: "بە فەرمانی عەلی خامنەیی، چەندین جانتای پڕ لە تەقەمەنی تێکەڵ بە جانتای حاجیانی ئێران لە ساڵی 1986 کراوە ".

مەلا ئەحمەد دەشڵێت: "لەو کاتەدا، ئایەتوڵڵا حوسەین عەلی مونتەزیری (یەکێک لە سەرکردەکانی شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979ی ئێران) ناڕەزایی خۆی لە رێگای نامەیەک بۆ خامنەیی دەربڕیوە بەوەی حاجیانی ئێران ئاگاداری پلانەکە نەبوون و ئەو چالاکییە ناودەنگی شۆڕشی ئیسلامی خراپکردووە".

موحەمەد ئەل سولامی، سەرۆکی پەیمانگای نێودەوڵەتی تایبەت بە سیاسەتی ئێران، لەو بارەیەوە بە عەرەب نیوزی گوتووە، ئەم رووداوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی بەر لە 30 ساڵ کۆماری ئیسلامی هەوڵی دەستێوەردانی لە ناوچەکە داوە.

ئەل سولامی دەشڵێت: "بەرپرسانی سعوودییە لەو کاتە زانیویانە کە حاجیانی ئێران لەو جانتایانە بێ ئاگان، بۆیە رێگایان داون ئەرکی حەجەکەیان بەجێبگەینن و جانتا پڕ لە تەقەمەنییەکانیش لە فڕۆکەخانە دەستیان بەسەردا گیراوە".

H.J